هونەرمەند تاهیر خەلیلی کۆچی دوایی کرد

تاهیر خەلیلی
تاهیر خەلیلی

K24 - هەولێر

هونەرمەندی ناسراوی کورد تاهیر خەلیلی، لە دوای نیو سەدە لە خزمەتی بواری هونەر و گۆرانی و میوزیکدا، بەهۆی نەخۆشییەوە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

تاهیر خەلیلی، خاوەنی شاکارێکی جوانە لە گۆرانی کوردی دا بە ناوی "لە قەندیلی سەربەرزەوە"، کە لە دوای ئەو هونەرمەندەدا، هەریەک لە ئەمەل سەعید کوردە و چەندین هونەرمەندی دیکە ئەو گۆرانیەیان گوتوەتەوە.

خەلیلی لە دایکبووی ساڵی 1956ـی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بۆ دنیا هەڵهێناوە، یەکەمین بەرهەمی گۆرانیشی لە تەمەنی 15 ساڵیدا بڵاوبووەتەوە، پاشان بەهۆی هەستی نیشتمانپەروەریی و هەڵوێستەکانی بۆ ماوەی ساڵێک سزادرا.

دواتر چەند بەرهەمێکی نوێ لە سەردەمی رەش و سپی و زێڕینی گۆرانیدا لە شاری مەهابادا تۆمار دەکات و بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە و وەک دەنگێکی زوڵاڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکە دەناسرێت و پاشان دێتە هەولێر، ماوەیەکی زۆر لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو "جەلال سەعید" درێژە بە کارە هونەرییەکانی دەدات و چەند سروود و گۆرانیەکی نوێ تۆمار دەکات.

جگە لە گۆرانیش وەک ئاوازدانەرێک، چەند ئاوازێک پێشکەشی هونەرمەندان ناسری رەزازی، مەرزیە فەریقی، جەلال سەعید، ئەمەل سەعید کوردە و ئیسماعیل سابوری دەکات.

تاهیر خەلیلی ئەمڕۆ 26/11/2023، لە ماڵەکەی خۆی دا لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.