کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئایزنهاوەر گەیشتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی

K24- هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا رایگەیاند، گروپی کەشتی فڕۆکە هەڵگری "ئایزنهاوەر" لە 26ـی ئەم مانگە لە گەرووی هورمز پەڕیوەتەوە و چووەتە ناو ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.

ئەمڕۆ دوشەممە، 27/11/2023، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: گروپی کەشتی فڕۆکە هەڵگری "ئایزنهاوەر" لە 26ـی ئەم مانگە لە گەرووی هورمز پەڕیوەتەوە و چووەتە ناو ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی، دەشڵێت: کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئایزنهاوەر لە کەنداو دەسوڕێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی گەشتکردن لە رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و پشتگیری لە پێداویستییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس دوایت ئایزنهاوەر"، کەشتیی کروزەری مووشەکی رێنماییکراو" یو ئێس ئێس فلیپین سی" و  دوو کەشتی تێکدەری مووشەکی رێنماییکراوی لەگەڵدا بووە.

بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا پێشتر بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاندبوو، کە چەند چەکدارێکی نەناسراو لە کەنداوی عەدەن رێگرییان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی کردووە و کۆنترۆڵیان کردبوو، ئەمەش ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە کە پێشتر لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمنی دەریاییەوە بڵاوکرابوونەوە.

Fly Erbil Advertisment