حکومەتی عێراق پڕۆگرامێک بۆ بەدواداچوونی جموجۆڵی پارە رادەگەیەنێت

K24 - بەغدا
حکومەتی عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆگرامێکی بۆ بەدواداچوونی جموجۆڵی پارە راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق ژمارەی پێوانەیی لە بە قاچاغبردن و سپیکردنەوەی پارە تۆمار کردووە.
دوای دزی سەدە کە عێراقی هەژاند، هەوڵەکانی دۆزینەوەی دەرچەیەک، یاخود گەڕاندنەوەی پارەکان بەردەوامن، دوا هەوڵیش دەرکردنی سیستەمی بەداواداچوونی پارە بوو لەنێوان حکومەتی عێراق و پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی دووشەممە 27/11/2023، لە کۆنفرانسێکدا بە ئامادەبوونی دەسەڵاتدارانی حکومەت و شارەزایانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات راگەیەندرا.
عەممار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئەم سیستەمە جۆرێک لە چاودێری پارێزبەندمان پێ دەبەخشێت، واتە ئەگەر یاسای کرداریی و بەڵگەی کاری توندوتۆڵ هەبێت، چاودێریی و پارێزبەندیماییەکی زۆرباشمان دەبێت و دەبێتە مایەی رێگریکردن لە گەندەڵکاران و لە هەمان کاتدا چاودێرییەکی ئاشکراکەریش دەبێت".
سەبارەت بە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، هەندێک لایەن پێیان وایە رۆڵێکی پشتگیریکاری لە دۆزی بەدواداچوونی پارە و جموجۆڵەکانی دەبێت.
عەلی بەریر، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ماددەی ھۆشبەر و تاوان، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 گوتی: "نەتەوە یەگرتووەکان لە رێگەی جیاجیاوە هاریکاری عێراق دەکات لەم پرسەدا، بە تایبەتی لە بابەتی چاودێریکردنی پارە دزراوەکاندا، بەڵام ئەم کارە رێکاری دیاریکراوی هەیە و دەبێت حکومەت ئەنجامی بدات".
شارەزایان دەڵێن، سەختترین کار بەداداچوون بۆ ئەو ملیاران دینارەیە کە براونەتە دەرەوەی عێراق و بەناوی کەسانی دیکە لە بانکە جیهانییەکان تۆمار کراوە، گەڕاندنەوەی شتێکی ئاسان نییە.
لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئهوهی بانكی رافیدهین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له ههژماری دهستهی گشتی باج پشتڕاست كردهوه، دادگای کەرخ لە بەغدا فهرمانی دهستگیریكردنی بۆ تۆمهتبارانی ئهو كهیسه دهركرد، ئەمەش بە دزی سەدە ناو دەبرێت.
لە 3ی ئابی 2023، دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، کەسێکیان لە ئوردنەوە گەڕاندەوە عێراق کە دەستی هەبووە لە دزینی سێ ترلیۆن دینار لە پارەی باج کە بە (دزی سەدە) ناسراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکە بازرگان بووە و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا،هێزە ئوردنییەکان رادەستی عێراقیان کردووەتەوە.