مه‌سعود حه‌یده‌ر: ژینگه و تۆبۆگرافیای هه‌رێمی كوردستان یارمه‌تیده‌ره بۆ پاراستنی ژینگه‌ی عێراق
K24 – هەولێر:
بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، ژینگه و تۆبۆگرافیای هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی عێراق له مه‌ترسییه ژینگه‌ییه‌كان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت و پێویست ده‌كات حكومه‌تی عێراق له‌و رووه‌وه سوود له هه‌رێمی كوردستان ببینێت.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) مه‌سعود حه‌یده‌ر، بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنیان له كۆپ28 تایبه‌ت به كوردستان24ـی راگه‌یاند، عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه‌وتووه‌ته ژێر گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و ئه‌و رێكارانه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به پرسی ئاو گرتوویانه‌ته‌به‌ر.
بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له كۆپ28ـدا له‌گه‌ڵ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و راوێژكارێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یان كردووه و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه ژینگه‌ی عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه یه‌ك ژینگه‌یه و ژینگه و تۆبۆگرافیای هه‌رێمی كوردستان بۆ عێراق زۆر گرنگه و یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵێكی ئه‌رێنی هه‌بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا به‌سه‌ر عێراق.
مه‌سعود حه‌یده‌ر له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا باسی له‌وه كرد، بۆ حكومه‌تی عێراق گرنگه پشتیوانی له دروستكردنی به‌نداو بكات له هه‌رێمی كوردستان به‌وپێیه‌ی كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر عێراق ده‌بێت و ده‌بێته هۆی چالاكبوونه‌وه‌ی ژینگه و كه‌شوهه‌واكه‌ی كه كه‌وتووه‌ته ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی.
ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی نامه‌ی فه‌رمی ئاراسته‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كردووه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه. گوتیشی، سوودانی هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م بابه‌ته چاره‌سه‌ر بكات. پێشبینیشی كرد له ساڵی داهاتوو ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر بكرێت و چیتر بابه‌تی مووچه به سیاسی نه‌كرێت.
ئەمڕۆ هەینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) لە شاری دوبەی کرد و لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێ‌کرا.
سەرۆکی حکومەت لە لوتکەکەدا، لە گەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانی دیدار و گفتوگۆی دەبێت و لە میانی دیدارەکانیدا، گفتوگۆ لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان دەکات.