پەیامەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە یەکەم رۆژی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە دوبەی

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە 28ـەمین لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا کە یەکێکە لە گرنگترین دیدارە جیهانییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی لوتکەکە لە دوبەی، زیاتر لە 30 دیداری گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەنجامدا و لە چەند پەیامێکیشدا ئامانجی بەشداریکردن و دیدگای خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا خستەڕوو.

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی گەیشتە وڵاتی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستپێکی ئەو لوتکە جیهانییە، لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەیە.

هاوکات خۆشحاڵی خۆی نیشاندا لەوەی بەشدارە لە لوتکەی 28ـەمینی جیهانی کەشوهەوا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو کارە گرنگە بکەنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان ئەنجامی دەدەن.

لە پەیامێکی دیکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، کۆبوونەوە جیهانییەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا پێشبینیی، مەترسییەکانیان بۆ سەر مرۆڤایەتی کردووە و دووپاتی کردەوە، "حکومەتی هەرێم پابەندە بە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی خۆی و بەشداریکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان".

لەبارەی لوتکەی جهیانی کەشوهەواوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی روونیکردووەتەوە، "ئەمساڵ لە کاتێکی گرنگدا لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا ئەنجام دەدرێت، هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنوورەکان ناناسێت، بۆیە دەبێت بەیەکەوە کار بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان".

هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەواوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەم ڤیدیۆیەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: جیهان چاوی لێمانە؛ با یەکبگرین بۆ بەجێگەیاندنی.

لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان.