سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی كه‌موون بۆ مرۆڤ

سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی كه‌موون
سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی كه‌موون

K24 - هەولێر:

كه‌موون یه‌كێكه‌ له‌و به‌هاراتانه‌ی له‌پاڵ هاوشێوه‌كانی چه‌ندین سوودی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌ و له‌ رابردوو و ئێستاشدا، به‌ گیای زێڕ ناوده‌برێت و به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی ته‌ندروستی تێدایه‌.

كه‌موون له‌و گیایانه‌یه‌ كه‌ به‌ چه‌ندین مادده‌ و كانزا و ڤیتامین ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و بۆ زۆرێك له‌ چاره‌سه‌رییه‌كانی مرۆڤ به‌تایبه‌ت كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار، دژه‌ئۆكسان و نه‌رمكردنه‌وه‌ی ریخۆڵه‌كان و نه‌هێشتنی باووبژ و چه‌ندین چاره‌سه‌ری دیكه‌ به‌كاردێت، به‌تایبه‌تی به‌ كوڵانی بڕی كه‌وچكێكی چا له‌ناو كوپێكدا و خواردنه‌وه‌ی جارێك یان چه‌ند جارێك له‌ رۆژێكدا.

سوودی كه‌موون بۆ گه‌ده‌

كه‌موون یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ به‌هێزكردنی ته‌ندروستی گه‌ده‌ و رزگاربوون له‌ كێشه‌ی هه‌رسنه‌كردن، هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ده‌ردانی رژێنی هه‌رسكردن بۆ باشتركردنی پڕۆسه‌ی هه‌رسكردن و ده‌توانێت ئازاره‌كانی ناوچه‌ی سك كه‌م بكاته‌وه‌. هاوكات یارمه‌تیده‌رێكی زۆرباشه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی باووبژ.

به‌هێزكردنی ده‌زگای به‌رگری له‌ش

گیراوه‌ی كه‌موون به‌ كوڵاوی به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باش داده‌نرێت بۆ زیادبوونی ئاسن له‌ خوێن و ریشاڵه‌ خۆراكییه‌كان، به‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ به‌هێزكردنی به‌رگری له‌ش، هه‌روه‌ها خواردنه‌وه‌ی كوپێك كه‌موونی كوڵاو له‌ رۆژێكدا و دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌ به‌رده‌وامی ده‌بێته‌ یارمه‌تیده‌ر بۆ رێگریكردن له‌و نه‌خۆشیانه‌ی هێرش بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌هێنن، به‌مه‌ش ئه‌گه‌ره‌كانی تووشبوونی به‌ نه‌خۆشی كه‌متر ده‌كاته‌وه‌.

كۆنتڕۆڵكردنی رێژه‌ی شه‌كره‌ له‌ خوێن

گیراوی كه‌موون بۆ ئه‌وانه‌ی شه‌كره‌یان هه‌یه‌ به‌ سووده‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ كاتی به‌یانیان له‌ خورێنی و به‌ر له‌ نانی به‌یانی بیخۆنه‌وه‌، چونكه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌نسۆلین.

به‌هێزكردنی ته‌ندروستی ده‌زگای هه‌ناسه‌دان

یه‌كێك له‌ سووده‌ هه‌ره‌ گرنگ و دیاره‌كانی گیراوه‌ی كه‌موون بریتییه‌ له‌ به‌هێزكردنی ته‌ندروستی ده‌زگای هه‌ناسه‌دان، به‌وپێیه‌ی دژه‌ سووتانه‌وه‌یه‌ و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ نه‌هێشتنی مادده‌ی لینج (چڵم و به‌ڵغه‌م) له‌ سنگ كه‌ به‌گشتی رێگرن له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ناسه‌دان به‌ ئاسانی.

رێكخستنی فشاری خوێن

كه‌موون به‌وپێیه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆری پۆتاسیۆمی تێدایه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ رێكخستنی فشاری خوێن له‌ جه‌سته‌، به‌تایبه‌ت كه‌ پۆتاسیۆم یارمه‌تی نه‌هێشتنی پاشماوه‌ نه‌رێنییه‌كانی خواردنه‌وه‌ی خوێ و سۆدیۆم ده‌دات.

سووده‌كانی كه‌موون بۆ جگه‌ر

خواردنه‌وه‌ی كه‌موون به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر جگه‌ر له‌ ژه‌هراویبوون پاك ده‌كاته‌وه‌ و توانای زیاتری پێ ده‌دات بۆ ده‌ردانی رژێنه‌ هه‌رسكراوه‌كان.

سوودی كه‌موون بۆ به‌هێزكردنی سێكس

كه‌موون به‌هۆی ئه‌وه‌ی پڕه‌ له‌ كانزا و ڤیتامینه‌ گرنگه‌كان بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ، بۆیه‌ یارمه‌تیده‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی لاوازی سێكسی له‌ پیاواندا. كه‌موون به‌وپێیه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر چالاككردنی سووڕی خوێن هه‌یه‌ و خوێن ده‌گه‌یه‌نێته‌ هه‌موو به‌شه‌ جیاوازه‌كانی جه‌سته‌، به‌مه‌ش پڕۆسه‌ی (ره‌پبوون) له‌ چووكی پیاواندا چالاك ده‌كات و ده‌رفه‌تی پیتاندن زیاتر ده‌ڕه‌خسێنێت.

پاراستنی پێست

كه‌موون بۆ چاره‌سه‌ری پێست به‌كاردێت به‌تایبه‌ت بۆ پاراستنی پێست له‌ ئه‌كزیما و سه‌ده‌ف، هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی چرچولۆچی و ده‌ره‌نگده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پیری له‌ رووخساری مرۆڤدا.