دژوار فایەق: لە هەوڵداین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس لە کەرکووك
K24 – هەولێر:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، رایدەگەیەنێت؛ ئێمە راسپاردەیەکمان پێشکەشی حکومەتی عێراق کردووە، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی شۆڕشمان کردووە. هاوکات گوتیشی: سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140 بە ئاراستەی چارەسەرییەکان هەنگاودەنێت و جەخت لە گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە راستەقینەکانی خۆیان دەکاتەوە.
دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان رێکبکەوین و کۆتایی بەو کێشانە بێنین کە چەندین ساڵە کورد و تورکمان بە دەستییەوە دەناڵێنن لە کەرکووک، هەروەها دەمانەوێت لە رێگەی دیالۆگی نیشتمانی کێشەکان چارەسەر بکەین کە ئەوەش پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانییە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، دەڵێت: لە لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 راسپاردەیەکمان ناردووە بۆ حکومەتی عێراق بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری باکوور، کە زیاتر لە 900 هەزار دۆنم زەوی خەڵکی کورد و تورکمان لەخۆ دەگرێت لە کەرکووک، کاتی خۆی بڕیاری 29 دەرچوو لەلایەن حکومەتی عێراقی لە ساڵی 2012 بۆ ئەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور کە لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقییە هەڵیوەشێنێتەوە و زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە، ئەو کاتی دوو بۆ سێ لیژنەش پێکهێنرا، بەڵام نەگەشتنە رێککەوتن و بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، چونکە عەرەبە هاوردەکان دەیانگوت ئەو قەرەبوویەی کە بە ئێمە دەدرێت زۆر کەمە.
گوتیشی: بۆیە ئێمە هەستاین دووبارە داوامان لە حکومەتی عێراقی کردەوە کە ئەو بڕیاری 29 جێبەجێ بکات ئێستاش چەند لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها دەبوو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕش کە لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراق بوو رەت کرابایەوە، لە ساڵی 2014 لیژنەی ماددەی 140ـی ئەو کات پڕۆژەیاسایایەکی بۆ پەرلەمانی عێراق نارد، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکرا و نەبووە بڕیار، هاوکات ئێمە لە رێگەی لیژنەی ماددەی 140 راسپاردەیەکمان بۆ حکومەتی عێراق نارد، ئەویش پڕۆژە یاسایەکی ناردووە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕش هەڵبوەشێتەوە کە 300 هەزار دۆنم زەوی لەخۆ دەگرێت.
دژوار فایەق، باسی لەوەکرد، حکومەتی عێراق کاتی خۆی بە دوو بڕیار، زەوی لە هاووڵاتییانی کورد سەندووە بەشێکی داوەتە عەرەبی هاوردە و بەشێکی داوەتە وەزارەتەکان، بۆ نموونە وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ئەو زەوییانە هەندێک باڵاخانەی دروست کردووە و قەرەبوویەکی کەمی بە خەڵک داوە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ئەگەر بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور هەڵبوەشێتەوە، راستەوخۆ هەر جووتیارێک کە بەو بڕیارەی زەوییەکەی لە دەستداوە بۆی دەگەڕێندرێتەوە، هەروەها دەبێت لێژنەییەکیش بۆ عەرەبی هاوردە پێکبهێندرێت کە چی لەسەر ئەو زەوییانە دروستکردووە و پێویستی بە چەند قەرەبوو هەیە.
دژوار فایق، ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەندامانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق خەریکین کاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی پەلەی لێبکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەکانی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی شۆڕش.
لەبارەی سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140، نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی ماددەی 140 گوتی: هادی عامری، سەرۆکی لیژنەکە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاودەنێت و دەڵێت: "دەبێت زەوییەکانی بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە". هەروەها ئەو راسپاردەیەشی کە پێشکەشمان کردووە بە حکومەتی عێراق بە رەزامەندی ئەو و بە واژۆی ئەو بووە.
پێشتریش هادی عامری، سهرۆكی لیژنهی باڵای جێبهجێكردنی ماددهی 140 لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاندبوو، له کۆبوونەوەی لیژنهی ماددهی 140 تاوتوێی دوو بابهتیان كرد، جهختیان لە دوو شتی گرنگ کردووەتەوە، یهكێكیان بڕیارهكانی قیادهی سهورهیه، كه دهبێت ههوو ئهو بڕیارانه ههڵبوهشێندرێنهوه، ئهم ههڵوهشاندنهوهیهش پێویستی به دهركردنی یاسایەكه له پهرلهمان.
عامری گوتوبووشی، هەروەها بڕیارهكانی لیژنهی كاروباری باكوور كه له ساڵی 2012 ههڵوهشێنراونهتهوه، هیوادارین ئهمهش كارا بكرێت. پێویسته ههموو ئهوانهی ئهو بڕیاره دهیانگرێتهوه قهرهبوو بكرێنهوه و زهوییهكان بۆ خاوهنه رهسهكانیان بگهڕێندرێنهوه.
عامری باسی لەوەشکردبوو، قهرهبووكردنهوهی ئهوانەی كه ماددهی 140 دهیانگرێتهوه، ژمارهیان یهكجار زۆره و ژمارهیان زیاتر له 439 ههزار مامهڵهیه كه بۆ واژۆكردن ئامادهكراون، بۆ ئهوهی قهرهبوو بكرێنهوه.