ئێران: ئەمریكا لەھەوڵی تێكدانی ئاسایشی رۆژھەڵاتی كوردستانە

"ئەمریكا بۆ لەناوبردنی ئێران ھەموو توانای خۆی خستووه‌تەگەڕ"

K24 - هه‌ولێر:

ئەحمەدرەزا پووردەستان، فەرماندەی ھێزی وشكانی ئێران دەڵێت، ئەمریكا لە ھەوڵی تێكدانی ئاسایشی رۆژھەڵاتی كوردستانە.

ئەحمەدرەزا پووردەستان، فەرماندەی ھێزی وشكانی ئەرتەشی ئێران، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەكانی ئەرتەشی كۆماری ئیسلامی لە باكووری رۆژئاوای ئێران لە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان رایگەیاند، ئەمریكا لە ھەوڵی تێكدانی ئاسایشی رۆژھەڵاتی كوردستانە.

پوردەستان دەشڵێت، ئەمریكا ھەموو توانای خۆی خستووه‌تەگەڕ بۆ لەناوبردنی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەھەوڵی نائەمن كردنی سنوورەكان و تێكدانی ئاسایشی رۆژھەڵاتی كوردستان دایە و راشیگەیاند، ھێزەكانی بەسیج و سپای پاسداران لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووی ھەر ھەوڵێكی ئەمریكا.

دوای شەڕ و تێكھەڵچوونی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، لەماوەی رابردوودا، ئێران، ئەمریكای بە پشتیوانی لە ھێزە كوردییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان تۆمەتبار كرد.