بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا: هێرشەکەمان بۆ سەر حەشدی شەعبی بەرگریکردن بووە لەخۆمان

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانیمان کردووەتە سەر "شوێنی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" لە پارێزگای کەرکووک، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی، گوتیشی، "ئەم هێرشە بۆ بەرگری کردن بووە لە خۆمان".
بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرابکات بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "هێرشێکی بەرگریکردن لە خۆمان دژی هەڕەشەی گرووپەکان دەستیپێکرد، هێرشەکەش بۆ سەر "شوێنێکی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" بووە.
سەرچاوەکە گوتیشی: ئێوارەی دوێنێ "بەلایەنی کەم پێنج ئەندامی گروپێکی عێراقی سەر بە ئێران "حەشدی شەعبی" لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە پارێزگای کەرکووک کوژران."
بەرپرسێکی ئەمنی لە کەرکووک رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی یەکێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کردۆتە ئامانج، کە هاوپەیمانی لایەنەکانی سەر بە ئێرانن کە بوونەتە بەشێک لە هێزە فەرمییەکان.
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە، هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی 70 جار هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، کە 32 هێرش لە عێراق بووە، 34 هێرشیش لە سووریا بووە، بەگوێرەی پێنتاگۆن 62 سەربازی ئەمەریکا لەو هێرشانە برینداربوون.
شەوی رابردوو، مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.