زیا پیترۆس: لایەنێکی سیاسی دەیەوێت ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکان دروست بکات
K24 – هەولێر
سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پێشنیارەی کۆمسیۆن بۆ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان سیاسییە و لایەنێکی سیاسی لە پشتە.
زیا پیترۆس، سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەداخەوە بابەتی کۆتاکان وای لێهات، کە هەندێک لایەن خستویانەتە ململانێی سیاسییەکانی نێوان حزبەکان، کە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رەخنەیان لەکورسی کۆتاکان هەبوو و دەیانگوت، ئەوانە نوێنەری راستەقینەی میللەتی خۆیان نییە، ئەم قسەیەش زۆر قورسە، چونکە ئەوانەی کاندید کراون و دەرچوون، کرایستیانن، هەروەها خەڵکی کوردستان وعێراقین.
گوتیشی: وەکو بانگەشەیان دەکرد کە کورسی کۆتان رێکدەخەنەوە، ئێستا لە جیاتی رێکخستن دەستوەردانە لە کورسی کۆتاکان، وای لێهاتووە لایەنێکی سیاسی بەناوی رێکخستنی کۆتاکان، بەشێک لەم کۆتایانە بۆخۆیان وەربگرن، ئەمەش ئامانجێکی سیاسییە، دەشڵێت: ئەو بابەتە بابەتێکی مەترسیدارە، چونکە رەنگە لەداهاتوودا ناکۆکی لە نێوان تورکمان و کریستیان، ئاشوری و کلدان دروست بێت.
پیترۆس باسی لەوەشکرد، ئەو پێشنیارەی کۆمسیۆن بۆ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان سیاسییە و لایەنێکی سیاسی لە پشتە، راشیگەیاند، ئێمە پێشنیارمان بۆ کۆمسیۆن کرد، هەرێمی کوردستان ببێتە چەند بازنەیەک لە هەڵبژاردن، ئەوکات کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت، بەڵام بەپێی رێژەیەکی قبوڵکراو، بۆنموونە، "چۆن دەبێت 400 دەنگدەری کریستیان لە سلێمانی هەیە دوو کورسی وەربگرێت، هەروەها 25 هەزار کریستیانیش لە دهۆک هەیە یەک کورسی هەبێت و 70 هەزار کریستیانیش لەهەولێر دوو کورسی هەبێت".
سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، دەمانەوێت هەڵبژاردن بەیەک بازنە بکرێت، چونکە هەژمارکردنی دەنگەکان بەیەک بازنەییە و لەعێراقیش وایە. هەروەها هەموو پێکهاتەکان لەو پێشنیارەی کۆمسیۆن نارازین، بۆیە پێویستە تورکمان و کلدان، سریان، ئاشوری پێکەوە دانیشن و بەیاننامەیەکی فەرمی دەربکەن و بیدەن بە دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی کۆمسیۆن ئەو پێشنیارەی رەت بکاتەوە.