دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دواخست

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 - هەولێر

دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەبارەی ئەو سکاڵایەی دواخست کە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌، 04-12-2023، کاتژمێر 01:00، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک کە داوای کردووە وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی شاری کەرکووک بکرێت و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دوابخرێت، کۆبووەوە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داوای کرد محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەکو لایەنی سێیەم (تەرەفی سێیەم) بەشداری لە دادگاییەکەدا بکات بەمەبەستی گوێگرتن لە گوتەکانی، بۆیە دانیشتنەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە، 12-12-2023 دواخرا.

سکاڵاکە لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، کاندیدی هاوپەیمانی قیادە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمارکراوە. نەجاح، کەسێکی نزیک لە راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و خەمیس خەنجەر، سەۆرکی هاوپەیمانی سیادە دادەندرێت.  

هەرچەندە سکاڵاکە لەلایەن سەرکردەیەکی شیعەوە تۆمارکراوە، بەڵام هەموو عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک پشگیریی لێ دەکەن و داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

257 هەزار کوردی دانیشتووی کەرکووک پێش ساڵی 2003 بەهۆی رژێمی پێشووی بەعسەوە، ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون. دواتر لە ساڵی 2003 و دوای ئەوەی رژێمی بەعس رووخا، گەڕانەوە کەرکووک و فۆڕمی خۆراکیان بۆ ئەو شارە گواستەوە و مافی دەنگدانیان هەیە. ئێستا عەرەب و تورکمانەکان داوا دەکەن هەر هەموویان لە دەنگدان بێبەش بکرێن، کە ئەمەش لەلایەن کوردەوە رەتدەکرێتەوە.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 کراوە. وابڕیارە، رۆژی 18ـی ئەم مانگە و دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە. ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە 15 کورسی پێکدێت و، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە. کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیە، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

Fly Erbil Advertisment