کۆمپانیای پەیوەندییەکانی فەڵەستینی: سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لەکەرتی غەززە پچڕان

K24 - هەولێر

کۆمپانیای پەیوەندییەکانی فەڵەستینی، دوای پچڕانی رێگا سەرەکییەکانی کەرتی غەززە، پچڕانی تەواوەتی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی لە کەرتی غەززە راگەیاند.

کۆمپانیای پەیوەندییەکانی فەڵەستینی بڵاوی کردەوە، لە 59هەمین رۆژی شەڕی غەززەدا سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە کەرتی غەززەدا پچڕا، ئەمەش لەکاتێکدایە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی زەمینی خۆیان فراوانتر کردووە و هەموو ناوچەکانی کەرتەکە بۆردومان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل داوا خەڵکی خان یونس دەکات بەکۆمەڵ بەرەو رەفەح یان ناوچەی کەنار دەریا کۆچ بکەن، ئیسرائیل دوێنێ دووشەممە، دەروازەی نەخۆشخانەی کەمال عەدوانیان بۆردومان کرد و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تاوەکو ئێستا 15 هەزار و 899 کەس کوژراون و هەروەها 42 هەزار کەسیش بریندار بوون.