رووسیا: ئەمریکا دەخوازێت پووتین لە لوتکەی G20 لە مەیامی ئامادەبێت

مەرات بێردێیڤ، باڵیوزی ئەرکە تایبەتەکان لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە ئاژانسی "تاس"ی راگەیاندووە، لە واشنتنەوە سیگناڵی هاوتەریب و ئەرێنی دەگەن کە ئاماژە بە خواستی ئەوان دەکەن بۆ بینینی ڤلادیمێر پوتین لە لوتکەی G20 لە ئەمریکا.

بڕیارە لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەمریکا میوانداریی ئەم لوتکەیە لە شاری مەیامی بکات، سیگناڵەکان ئەوە دەگەیەنن کە ئەمریکا پێی باشە پوتین لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بێت.

ئەم دیپلۆماتکارە رووسە ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار بە ئاشکرا رایگەیاندووە، بەشداریکردنی پوتین لە لوتکەکەدا بەسوودە.

بە بڕوای ئەم دیپلۆماتکارە رووسە، ئەم هەڵوێستە سازش یان نەرمییەکی سیاسی نییە، بەڵکو لۆژیکێکی عەقڵانییە، بە گوتەی ئەو، لوتکەکە سەکۆیەکە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای سەرکردەکان و گفتوگۆکانیشیان لەمڕۆدا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە، ئەو هەروەها جەختی کردووەتەوە کە بەبێ بەشداریی رووسیا، مەحاڵە بتوانرێت رووبەڕووی مەترسی و قەیرانەکانی جیهان ببنەوە.

بێردێیڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا دەبێت بڕیار لەسەر ئاستی بەشداریکردنی رووسیا لە لوتکەکەدا بدرێت. گوتیشی، بابەتی بانگهێشتکردنی ڤلادیمێر پووتین بۆ لوتکەی G20 لە مەیامی، پێدەچێت جێی سەرنجی زۆری میدیاکان بێت، بەڵام نەریت و یاساکانی پرۆتۆکۆلی کۆمەڵەی 20 (G20) وا دەخوازن کە بانگهێشتنامەکان لە نزیک کاتی بەستنی لوتکەکە بنێردرێن؛ کاتێک کە هەموو رەهەند و وردەکارییەکان دیاری کراون. ئەم جۆرە پەیامانەش خزمەت بە دوو ئامانج دەکەن پێشاندانی رێزگرتن لە هاوبەشەکان، و دەستەبەرکردنی تێگەیشتنێکی روون لە وردەکارییەکانی چالاکییەکە، ناوەڕۆک، پێکهاتە و ئامانجەکانی.

لە کۆتاییدا بێردێیڤ ئەوەشی خستووەتە ڕوو "دەبینین کە ئەمساڵ کۆمەڵەی جی 20 چی دەگەیەنێتە هێڵی کۆتایی و ئاسۆی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لە لوتکەی سەرکردایەتیدا چی دەبێت، کە بڕیارە لە 14 و 15ـی کانوونی یەکەم لە مەیامی بەڕێوەبچێت."