مێسی، سوارێز و نێیمار، كێشه‌یان بۆ بارسێلۆنا دروست كردووه‌

به‌هۆی MSN، بارسێلۆنا چه‌ندان ره‌فزی وه‌رگرتووه‌

یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ ئێستادا رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی گه‌روه‌ بۆته‌وه‌، ماوه‌ی مانگێكه‌ هه‌وڵ بۆ گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌ری چواره‌م ده‌دات كه‌ به‌ كورسی یه‌ده‌گ رازی بێت، به‌ڵام ده‌ستی نه‌كه‌وتووه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی سپۆرت، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان چه‌ندان هه‌وڵی بۆ كڕینی هێرشبه‌رێك داوه‌، به‌ڵام وڵامی هه‌ریه‌كێكیان "نه‌خێر" بووه‌.

رۆژنامه‌ی سپۆرت هۆكاری شكستهێنانی، ئیداره‌ی بارسا له‌ گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌رێك، بۆ سێكوچكه‌كه‌ی پێشه‌وه‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موویان ده‌زانن به‌هۆی MSNـه‌وه‌ هیچ یاریزانێك ناتوانێت له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ شوێنی بێته‌وه‌.

دیارترین ئه‌و یاریزانانه‌ی كه‌ بارسێلۆنا هه‌وڵی گواستنه‌وه‌یان دابوو، بریتی بوون له‌ (مانوێل نۆلیتۆ و گابرێل خیسێس كه‌ هه‌ردووكیان پشتیان له‌ بارسا كرد و مانچێسته‌ر سیتیان هه‌ڵبژارد)، له‌ ئێستایشدا ئێنریكی به‌ ناچاری چاوی خستۆته‌ سه‌ر كڕینی ماریۆ گۆمێزی ئه‌ڵمانیا و رۆبن ڤانپێرسی هۆڵه‌ندا.