هێمن هەورامی: گرنگ ئەوەیە کوردێکی باش ببێتە پارێزگاری کەرکووک

K24 - هەولێر

هێمن هەورامی رایگەیاند، دەبێت کاندیدانی ئێمە بەبیرێکی نیشتیمانیانە و خزمەتگوزاری وردتر بانگەشە بکەن، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی خۆمان مسۆگەر بکەین، تاوەکو بتوانین کوردێکی باش ببێتە پارێزگاری کەرکووک بەرێککەوتنی هەموو لایەک، مەرج نیە پارتی بێت یان یەکێتی.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەکوردستان24ـی راگەیاند، دەبێت کاندیدانی ئێمە بەبیرێکی نیشتیمانیانە و خزمەتگوزاری وردتر بانگەشە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لەو هەڵبژاردنە سەرکەوتووبین، بۆ ئەوەی لەگەڵ عەرەب و تورکمان سوود لەهەڵە و کەموکورتییەکانی رابردوو وەربگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لێرەین لەکەرکووک، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی خۆمان مسۆگەر بکەین، تاوەکو بتوانین کوردێکی باش ببێتە پارێزگاری کەرکووک بەرێککەوتنی هەموو لایەک، مەرج نیە پارتی بێت یان یەکێتی یان هەر لایەنێکی دیکە بێت، گوتیشی هەر کوردێک کە کوردێکی باش بێت و باوەڕی بەکوردستانیەتی کەرکووک هەبێت و نیشتیمان پەروەر بێت بە براو هاوسەنگەری خۆمانی ئەزانین.

هەورامی راشیگەیاند، ئێمە و یەکێتی دوو حزبی جیاوازین، بەڵام ئەبێت لە سەر پرسە نیشتیمانە چارەنوسسازەکان هاودەنگ و یەک هەڵوێست بین، بەتایبەتی لەسەر کوردستانی بوونی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رووبەرووبونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئەم ناوچانە هەن، چونکە لێرە پرس پرسی ناسنامەی نەتەوەییە، بۆیە لای ئێمە گرنگە کورد سەرکەوتووبێت لەم هەڵبژاردنەی کە ئەکرێت، وەدواتر کوردێکی باش پارێزگاری کەرکووک بێت، نەمگوتووە پارتی بێت، چونکە ئێمە پێمان وایە هەموو کوردێکی باش پارتییەکی باشیشە.

گوتیشی: داوا لەبرایانی یەکێتی و هەموو هێزوو لایەنە سیاسییە کوردەکانی دیکە دەکەین، دوور لەبیری تەسکی حزبایەتی هەموومان لەسەر کوردستانیبوونی ئەم شارە و ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەرکووک، هاوکۆک بین لەگەڵ یەکتری، تاوەکو بیکەینە بنەمایەک بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە ئایندە لەم شارە دەکرێت، هەروەها پێکەوە گوشار لەسەر عێراق بکەین بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140، ئەمەش بەیەک دەنگی و یەک هەڵوێستی دەکرێت.