ئۆپێک هۆشداری لە مانەوەی نەوت لەژێر زەویدا دەدات

K24 - هەولێر
سکرتێری گشتیی ئۆپێک دەڵێت، بیرۆکەی هێشتنەوەی نەوت لە ژێر زەوی، "بێ سەروبەری لە کەرتەکەدا دروست دەکات".
هەیسەم غەیس، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک لە لوتکەی کۆپ28 لە وەڵامی راپۆرتەکانی پەیوەست بە سیاسەتی کەشوهەوا، رایگەیاند، "بیرۆکەی هێشتنەوەی نەوت لە ژێر زەوی گۆڕانکاری لە بواری وزەدا ناکات، بەڵکو بێ سەروبەری لە کەرتەکەدا دروست دەکات."
کۆنفرانسی "کۆپ28"، رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، لە دوبەی بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.
سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک گوتیشی "هەستناکەین، کە ناوزڕاندنی کەرتی نەوت و گاز پلانێکی داڕێژراوە."
هەیسەم غەیس ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو هەوڵانەی داوا دەکەن وەبەرهێنان لە پڕۆژەکان نەوت و گاز بوەستێندرێن؛ چەواشەکارییە و بێ سەروبەری لە بواری وزە و ئابووریدا دروست دەکات."
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو سکرتێری رێکخراوی ئۆپێک، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی بە کارکردن "بۆ ناوزڕاندنی کەرتی نەوت و گاز" تۆمەتبارکرد.
ئەم لێدوانەی سکرتێری ئۆپێک دوای ئەوە دێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاندبوو، تەکنیکی کۆکردنەوە کاربۆن وەهمە پێویستە بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز لەنێوان دوو بژاردەدا خۆیان یەکلایی بکنەوە، ئەویش یان قووڵبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا یان رووکردنە وزە نوێبووەوەکان.