سەربەست لەزگین: هیچ كێشهیهك لهنێوان پارتی و یهكێتی نییه چارهسهر نهبێت
K24 – هەولێر:
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاردایە و رەنگە گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا رووبدات. سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هیچ کێشەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی نییە چارەسەر نەبێت و پێشتریش هەردوولا رێککەوتوون رێگە لە دروستبوونی کێشەی دیکە بگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی کانوونی یەکەم 2023) سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاردایە و رەنگە گۆڕانکاری لە ناوچەکە رووبدات، بۆیە باشترین رێگەش بۆ ئێمە ئەوەیە لەناوخۆی خۆمان کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین و هەمیشە پێکەوەبین.
ئەو بەرپرسەی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی دەڵێت: ئەو کێشانەی کە لە پێشوودا لەنێوان هەردوو حزب هەبووە، رێککەوتنکراوە کە کێشەی نوێ دروستنەکەین، ئەمەش گرنگە بۆ ئەو قۆناغە.
گوتیشی: هیچ كێشهیهك لهنێوان پارتی و یهكێتی نییه چارهسهر نهبێت.
هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی کانوونی یەکەم 2023) دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، خۆشبەختانە لە ماوەی رابردوو گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی دەستپێکردیتەوە، توانیومانە تاڕادەیەک لەسەر کۆمەڵێک پرس کۆکبین.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر چەند بابەتێک رێککەوتووین و دەمانەوێت لە بەغدا کۆدەنگییەکی کوردی هەبێت.
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، گوتیشی: بەدڵنیاییەوە پێش مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.