ئەشواق جاف: هاووڵاتییانی بەغدا پێشوازییەکی گەرم لە کاندیدەکەمان دەکەن
K24 - هەولێر
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکان بەهێمنی دەڕوات، خەڵکی بەغدا پشتگیری لە کاندیدەکەمان دەکەن بۆ کۆتای کوردی فەیلی.
ئەمڕۆ پێجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە کوردستان24ـی گوت: وەکو کورد و لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتگیری لە کاندیدی "قائمە التاخی" بۆ کۆتا کوردی فەیلی "ئازاد ئەکبر"، بۆ ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، بە ژمارە 212 دەکەین.
گوتیشی: "بانگەشەی هەڵبژاردن بەگەرمی دەڕوات ئەویش دوای کۆنگرەی 14ـی پارتی و گۆرانکارییەکانی پەیڕەوی ناوخۆ کە کرا، کاری رێکخراوەکەمان گۆڕیوە و لە رۆژی دەستبەکاربوونمەوە وەک بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پڕۆژە و پلان و سەرنجدان بە رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی کە داوای کردووە، لە هەموو سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بچنە ناو خەڵک و خزمەتی خەڵک بکەین".
راشیگەیاند، بەهۆی خۆشەویستی خەڵک بۆ سەرۆک بارزانی پێشوازییەکی باشمان لێدەکرێت، پشتگیری لە کاندیدەکەمان دەکەن کە کۆتای کوردی فەیلییە، هەروەها لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا ماڵی هەموو هاووڵاتییەکی بەغدایە، دەرگای لق کراوەیە بۆ هەموو چین و توێژەکانی بەغدا کە پێویستییان بە هاوکاری یاسایی ئێمە بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی هاووڵاتییانی کورد لەبەغدا زۆرە، لە ساڵی 2012 کاندیدێکمان هەبوو سەرکەوت لەو هەڵبژاردنە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگەکان دەدرا بە لیستەکانی دیکە، نەیانتوانیوە کاندیدێک سەربخەن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، لیستەکانی دیکە و پەرلەمانی عێڕاق، کاریان نەکردووە بۆ ئەو خاڵانەی کوردانی بەغدا داوایان کردووە جێبەجێبکرێت.