دەزگای خێرخوازی بارزانی و وەزارەتی پەروەردە دەست بە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی دەکەن

پەروەردەی پیرمام
پەروەردەی پیرمام

K24-هەولێر:

دەزگای خێرخوازی بارزانی و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی شارەوانی شارۆچکەی پیرمام، لە قوتابخانەیەکی پیرمام دەستیان بە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی ژینگە کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە(7-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، وەزارەتی پەروەردە بە هاوبەشی دەزگای خێرخوازی بارزانی و شارەوانی شارۆچکەی پیرمام، بەپێی بەرنامەیەکی دارێژراو دەستیان بە پاککردنەوەی ژینگەی قوتابخانەکانی شارۆچکەی پیرمام کردووە و وەک ئاماژەی بۆ کراوە، پاککردنەوەی ژینگەی قوتابخانەکان دەبێتە پرۆسەیەکی بەردەوامی رۆژانە و قوتابیان بە کردارەکی، رۆژانە کار لەسەر پاکو خاوێن راگرتنی قوتابخانەکانی خۆیان دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرەتا تیمێک لە وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر و پەروەردەی شەقڵاوە، بە هەماهەنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی و سەرۆکایەتی شارەوانی پیرمام، سەردانی قوتابخانەکانیان کرد و دوای گفتوگۆ لەگەڵ کارگێڕی قوتابخانەکان، دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە کرا کە هەستی بەپرسیارەتی لای قوتابیان زیاد دەکات بۆ ژینگە پارێزی و کاری هەرەوەزی.

وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە، ئەو پلانە پەرەی پێدەدرێت و لە چەندین پەروەردەی دیکەش جێبەجێ دەکرێت.

کارزان حەیدەر