زیاتر لە 34 هەزار کەس لە عێراق بوونەتە قوربانی مین

هەڵگرتنەوەی مین لە باشووری عێراق
هەڵگرتنەوەی مین لە باشووری عێراق

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئامارەکانی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، بەهۆی مین و پاشماوەکانی چەکەوە، زیاتر لە 34 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووە، زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر لە پارێزگاکانی عێراق مینڕێژکراون یان مەترسی بوونی پاشماوەی چەکیان لێدەکرێت و لەو رێژەیەش تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتریان پاککراوەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر لە چاوەڕوانی هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکاندایە.

لەبارەی قوربانییەکانیشەوە، ئەو رێکخراوەی مافی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە 34 هەزار کەس لە عێراق بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی، کە بەشێکی زۆریان منداڵن و بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە.

لەبارەی ناوچەکانی عێراقەوە کە زۆرترین مینی لێچێندراوە، ئامارەکانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوەکردووە، کە پارێزگای بەسرە یەکێکە لەو شارانەی لەسەر ئاستی جیهانیش زۆرترین ناوچەی مینرێژکراوی هەیە.

هەروەها گۆڤاری فۆرن پۆلیسی، روونیکردووەتەوە، پاککردنەوەی ناوچەیەک بە رووبەری یاریگایەکی تۆپی پێ لە عێراق پێویستی بە چەند مانگێک کارکردن هەیە بەهۆی کەمی ئەو بودجەیەی بۆ ئەو پرسە تەرخانکراوە. هاوکات باسی لەوەشکردووە، بۆمب و مووشەکی نەتەقێندراوە لە پاشماوەی جەنگەکانی پێشووی عێراق، وایکردووە عێراق ببێتە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچە مینڕێژکراوەکانی جیهان.

لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، سەباح حوسەینی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، تائێستا توانیویانە چوار هەزار و 600 کیلۆمەتر لەناوچە جیاوازەکانی عێراق لە مین پاک بکەنەوە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ناوچە مینڕێژکراوەکان هەڕەشەیەکی راستەقینەن لەسەر ژیانی خەڵک و ئەو پرۆژانەی لە ناوچە گوندنشینەکان ئەنجام دەدرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، قەبارەی پیسبوونی ژینگەی خاکی عێراق لە ئەنجامی مینڕێژکردنی ناوچە جیاوازەکان لە ساڵەکانی شەستەکانی سەدەی رابردوو تاوەکو شەڕی داعش، زۆر گەورەیە و جۆراوجۆیەتیشی لە شێوازی مینەکاندا، پێشتر نموونەی نەبووە.

لەبارەی رووبەری پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی مینڕێژکرابوون، سەباح حوسەینی رایگەیاندبوو، 59%ـی خاکە مینڕێژکراوەکانیان پاککردووەتەوە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لە هەماهەنگی بەردەوامن بۆ پاککردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی مینڕێژکراون.

هەروەها روونیکردەوە، بەپێی ئەو داتایەی لە بەردەستیاندایە، شەش هەزار و 700 کیلۆمەتر رووبەری مینڕێژکراو لە خاکی عێراق تۆمارکراوە و تائێستاش دوو هەزار و 100 کیلۆمەتر لە چاوەڕوانی تیمەکاندان بۆ هەڵگرتنەوەی مینەکان و دووپاتیشیکردەوە، کە لە هەوڵی ئەوەدان مەترسی لەسەر ژیانی گوندنشینەکان و خاوەنکاران نەهێڵن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکانیان بەبێ ترس.