ئازادكردنی زیندانیانی سوریا له به‌رامبه‌ر دانه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌ربازانی روسیا
داوای هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی سه‌ر ناوچه‌كان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
گرووپێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ دانه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌ربازانی روسیا، داوای ئازادكردنی زیندانیانی ده‌كات.
هه‌لیكۆپته‌رێكی روسیا رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو له پارێزگای ئیدلب بووه ئامانجێكی ئۆپۆزسیۆن و كه‌وته خوارێ و پێنج سه‌رنشینی گیانیان له‌ده‌ستدا.
گرووپی به‌ناوی "دامه‌زراوه‌ی گشتی بۆ كاروباری زیندانیان" له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه له لایه‌ن ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاوكراوه‌ته‌وه، داوا ده‌كات حكوومه‌تی سوریا و حزبوڵڵای لوبنانی زیندانیان ئازاد بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ناوی هیچ زیندانییه‌ك بێنێت، یان ژماره‌یان ئاشكرا بكات.
هه‌روه‌ها داوای كرد سوپای سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی كۆتایی به ئابڵۆقه‌ی سه‌ر ئه‌و ناوچانه بێنن كه گه‌مارۆیان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی كه یارمه‌تی مرۆیی بگاته دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه.
هیچ گرووپێك به‌رپرسایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر خستنه خواره‌وه‌ی كۆپته‌ری روسی رانه‌گه‌یاندووه، كه به گوته‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا، كۆپته‌ری سه‌ربازیMi-8 له كاتی رووداوه‌كه له گه‌یاندنی یارمه‌تی مرۆیی له حه‌له‌ب بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی له لازقیه ده‌گه‌ڕایه‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، ناسنامه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی روسیا ئاشكرا كراوه كه له رووداوی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی كۆپته‌ره‌كه كوژراون.
ئه‌و شوێنه‌ی كه كۆپته‌ره‌كه كراوه ئامانج، هیچ چه‌كدارێكی داعش له‌وێ نییه، به‌ڵكو هه‌ندێ گرووپی دیكه‌ی ئیسلامی و هه‌روه‌ها گرووپه‌كانی میانره‌وی به پشتیوانی ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه‌ن.