لوید ئۆستن بۆ سوودانی: ئەمەریکا مافی خۆیەتی وەڵامی یەکلاکەرەوەی گرووپە چەکدارەکان بداتەوە
وەزیری بەرگری ئەمەریکا:: "هێرشی گرووپە چەکدارەکان سەروەری و سەقامگیری عێراق تێکدەدەن"
K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، وەزیری بەرگری ئەمەریکا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردووە بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و راوێژکارانی هاوپەیمانان و دامەزراوەکانیان.
پات رایدەر، سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و باسیان لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردووە بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و راوێژکارانی هاوپەیمانان و دامەزراوەکانیان.
ڕایدەر گوتیشی، ئۆستن ئیدانەی ئەو هێرشەی کردووە کە شەوی رابردوو کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، هەروەها پێشوازی لە لێدوانەکەی سەرۆکوەزیران کرد کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" وەسفی کردووە کە ئاسایشی ناوخۆی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
سکرتێرەکەی رۆژنامەوانی پێنتاگۆن دەشڵێت: ئۆستن جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمەریکا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەرامبەر بەو کەسانەی کە هێرش لە دژی کارمەندانی ئەمەریکا ئەنجام دەدەن، گوتیشی: گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، کەتائیب حزبوڵڵا و نوجەبا، هەردووکیان بەرپرسیارن لە زۆربەی هێرشەکانی دژی کارمەندانی هاوپەیمانان، کە ئەمەریکا مافی خۆیەتی وەڵامی یەکلاکەرەوە لە دژی ئەو گروپانە بداتەوە.
ئۆستن راشیگەیاند، "ئەو هێرشانەی کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دەستیان پێکردووە، سەروەری و سەقامگیری عێراق تێکدەدەن و سەلامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی عێراقی دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها رێگری لە هەڵمەتی شکستپێهێنانی داعش دەکات".
لای خۆیەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرجەم سەرکردە ئەمنییەکان و بەرپرسانیر ڕاسپاردبوو، کە لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بکەن و ئەنجامدەرانی هێرشەکە رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، "نزیکەی کاتژمێر 4:15 خولەکی بەیانی رۆژی هەینی، بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا".