بڕیارە ئەمەریکا 45 هەزار گوللـەی تانک بە ئیسرائیل بفرۆشێت

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن، داوای لە کۆنگرێس کردووە رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی 45 هەزار گوللـەی تانکی "مێرکاڤا" بۆ ئیسرائیل بدات، بۆ بەکارهێنانی لە بەرەنگاربوونەوەی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە.

جۆش پاوڵ، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر هەردوو لیژنەی کۆنگرێس بۆ ئەوەی بە خێرایی رێککەوتنەکە پەسەند بکەن، لەبەرامبەردا بەرگریکارانی مافی مرۆڤ نیگەرانیان دەربڕیووە لەسەر بەکارهێنانی چەکی دروستکراوی ئەمەریکا لە ناکۆکییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا داواکارییەکە پێشکەش بە دوو لیژنەکە کراوە، ماوەی 20 رۆژیان هەیە بۆ پێداچوونەوە بە پرسەکانی ئیسرائیل، بەڵام وەزارەتی دەرەوە داوا دەکات ئێستا داواکارییەکە پەسەند بکەن".

گوتەبێژەکەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راشیگەیاند، وەک لایەنێکی سیاسی، "هیچ لێدوانێک لەسەر گواستنەوە و فرۆشتنی بەرگری نادەین، پێش ئەوەی کۆنگرێس بە فەرمی رایبگەینێنێت".

تانکی مێرکاڤای دروستکراوی ئیسرائیل، یەکێکە لە تانکە زرێپۆشەکانی ئیسرائیل و بەشداری ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە باکوور و باشووری کەرتی غەززە دەکات. هەروەها ژمارەیەکیان لە باکووری ئیسرائیل جێگیرن و رووبەڕووی حزبوڵڵای لوبنان دەبنەوە.

بەهای ئەو گرێبەستە لە 500 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێت، هەروەها بەشێک نییە لە داواکارییەکەی جۆ بایدن کە 110.5 ملیار دۆلارە بۆ پارەدارکردن و هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل، پرۆسەکەش لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران و لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێداچوونەوەی نافەرمی بۆ دەکرێت.