ئه‌لینا رۆمانۆوسكی: سەقامگیری ئاسایش گرێنتی پێشکەوتنی ئابووری عێراق دەکات

ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق جەخت لە هەڵوێستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەکاتەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند، وڵاتەکەی مافی بەرگریکردنی لەخۆی هەیە لەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان.

رۆژی شەممە (9ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پشتیوانی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی کارمەندان و دامەزراوەکانی وڵاتەکەی و هێزەکانی هاوپەیمانان.

رۆمانۆوسكی ئاماژەی بەوەکردووە، سەقامگیری ئاسایش پرسێکی زۆر گرنگە بۆ عێراق لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری بەردەوام و پێشکەوتن و بووژانەوەی ئابووری.

هەر ئەمڕۆ ئه‌لینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مەریكا له‌ عێراق له‌باره‌ی به‌ ئامانجگرتنی پێگه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ عێراق دوای بۆردومانكردنی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌غدا له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت، دەستخۆشی لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق دەکەین كه‌ بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە ده‌كه‌ن هێرش دەکەنە سەر کارمەندان و دامەزراوەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق ئاماژه‌ی به‌وەشکردووه‌، پێشوازی لەو لێدوانانە دەکەین کە لەلایەن هێزە سیاسییە گەورەکانی عێراقەوە دەدرێن کە سه‌ركۆنه‌ی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە دەکەن، جەختی کردووەتەوە، "ئێستا کاتی هەنگاونان و بەدەستهێنانی ئەنجامەكانه"‌.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) زیاتر لە 10 مووشەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنەخوارەوە کە بەشێکیان لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بوون.

هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەکاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند، دەبێت حکومەتەکەی پابەندی پاراستنی هەموو ئەو هێز و دامەزراوە ئەمەریکییانە بێت، کە لەسەر داوای وڵاتەکەی لە عێراقن.

دوای هێرشەکانی بەرەبەیانی دوێنێ هەینی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە، هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی نێردە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، سوودانی داوای لە هەموو فەرماندە ئەمنییەکان کردووە هەموو ئەوانەی بەشداربوونە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

یەحیا رەسوول باسی لەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە و بیانووی بۆ نییە و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەشی بە دەرچوو لە یاسا وەسفکرد.