هۆشداری لە هێرشکردنەوە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەدرێت و سوودانی گۆڕانکاری لە هێزە ئەمنییەکان دەکات

هێزێکی ئەمنی عێراق - وێنە: AFP
هێزێکی ئەمنی عێراق - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هۆشداری لەبارەی دووبارە هێرشکردنەوە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەدات و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە تیایدا هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کراوە، ئاماژە بەوەکراوە، "گرووپە لەیاسادەرچووەکان نیازی ئەوەیان هەیە دووبارە هێرشکربکەنەوە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.

بەگوێرەی نووسراوەکە، "گرووپە لەیاسادەرچووەکان دەیانەوێت بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشی زیاتر بکەنە سەر باڵیۆخانەی ئەمەریکا لە بەغدا".

هەروەها گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "بکەرانی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەکرێن بە پەند بۆ هەر کەسێک بیەوێت یاریی بە ئاسایشی ناوچەکە بکات".

یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە هێرشکراوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا.

هەروەها یەحیا رەسوول ئاشکرایکردووە، کۆمەڵێک ئەفسەری بەرپرس لەو ناوچانە دراونەتە لیژنەی لێکۆڵینەوە و ئەو کەسانەی کەمتەرەخەمییان کردووە سزا دەدرێن.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەختی کردەوە، "رێکاری توند بەرامبەر بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆرستییە دەگیرێتەبەر و دەکرێن بە پەند بۆ هەرکەسێک بیەوێت یاریی بە ئاسایشی ناوچەکە بکات".

رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە دوو هێرشی جیادا هێرشی مووشەکی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەغدا.

دوای ئەو هێرشانەش، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە، هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی نێردە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، سوودانی داوای لە هەموو فەرماندە ئەمنییەکان کردووە هەموو ئەوانەی بەشداربوونە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

یەحیا رەسوول باسی لەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە و بیانووی بۆ نییە و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەشی بە دەرچوو لە یاسا وەسفکرد.