پەیامنێری کوردستان24: پێنج کەس بەهۆی ئاگرەکەی سۆران بە بڕیاری دادوەر راگیراون
K24 – سۆران:
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، تەنیا بریندارێکی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی قەزای سۆران لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و سەرجەم بریندارەکانی دیکە گەڕاونەتەوە ماڵەوە و ئاشکراشیکرد، پێنج کەس بەهۆی ئەو رووداوەوە بە بڕیاری دادوەر راگیراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران گەیشتوونەتە دەرئەنجامی ئەوەی ئاگرەکە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامن سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرایکرد، بە بڕیاری دادوەر پێنج کەس تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکەوە راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، کە یەکێکیان خاوەنی باڵەخانەکەیە و یەکێکی دیکەشیان خاوەنی مۆبیلیاتێکە لە بەشی خوارەوەی باڵەخانەکە کاری دەکرد لەگەڵ سێ کرێکاری ئەو شوێنە بازرگانییە.
لەبارەی رەوشی تەندروستی بریندارەکانیش، پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە، تەنیا بریندارێک لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی ماوەتەوە کە مولازمێکی پۆلیسە بەناوی (جیهاد سەدیق ستوونی) و لەکاتی رزگارکردنی هاووڵاتییانی ناو باڵەخانەکە بەهۆی دووکەڵەوە لەهۆش خۆی چووە و تووشی ژەهراویبوون بووە، خۆشبەختانە ئێستا تەندروستی جێگیرە و توانای قسەکردن و خواردنی بۆ گەڕاوەتەوە.
شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
قوربانییەکانیش سێ هاووڵاتییان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و چوار کەسی دیکەشیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و پێنج لە قوربانییەکانی دیکەش هاووڵاتی عەرەبی ناوەڕاستی عێراقن لەگەڵ دوو هاووڵاتی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە سەرجەمیان دانیشتووی ئەو باڵەخانەیە بوون.
لەلایەن خۆیەوە، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە راگەیەندراوێکدا پرسەنامەی ئاڕاستەی خانەوادەی قوربانیانى رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و رایگەیاند، "لە رۆژی شەممەوە سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیەنن".
دوای رووداوەکەش، بە نووسراوی ژمارە (35026) لە (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە هۆکاری رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتی عەمیدی مافپەروەر تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی پەیمانگەی بەرگری شارستانی بە وەکالەت و ئەندامیەتی عەقید یونس قادر رەسول، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران و عەقیدی مافپەروەر کۆچەر عەبدوڵڵا قادر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی و دڵشاد مرادخان سەلیم، ئەندازیاری کارەبا و نوێنەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێکهێندراوە.