ئایدن مەعروف: هەر بڕیارێک زیان بە کورسی پێکهاتەکان بگەیەنێت سیاسییە نەک یاسایی

K24 – هەولێر:
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند، کورسی کۆتا مافی پێکهاتەکانە و هەر بڕیارێکی نەرێنی، زیانێکی گەورە بە پێکهاتەکان دەگەیەنێت و ئاماژەی بەوەشکرد هەر بڕیارێکی دژ بە کورسی پێکهاتەکان دەربکرێت سیاسییە نەک یاسایی.
رۆژی شەممە (9ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سیمینارێکی تایبەت بە کورسی کۆتاکان رایگەیاند، پێنچ کورسیەکەی تورکمان بە یاسا رێکخراوە و ئەمەش مافێکی سرووشتییە، ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەو سکاڵاکەیەی پێشکەشیکراوە پەسەند بکات، بێگومان ئەمەیان بڕیارێکی سیاسی دەبێت.
ئایدن مەعروف گوتی، "ئێمە وەک تورکمان جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەمانەوێت هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت. نامانەوێت لە کێشمە کێشە سیاسییەکاندا ببین بە لایەنگر".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوەشکرد، "پێنچ کورسیەکەی تورکمان بە یاسا رێکخراوە و ئەمەش مافی تورکمانە. ئەگەر دادگا سکاڵاکە پەسەند بکات بێگومان ئەمەیان بڕیارێکی سیاسی دەبێت، هەندێک لایەنی سیاسی لە دیوی پشتی دادگای فیدڕاڵیدان و دەیانەوێت فشار دروست بکەن".
هەروەها ئایدن مەعروف گوتیشی، "دژی دابەشکردنی کورسی کۆتاکانین، دابەشکردنی بە واتای دابەشکردنی تورکمان دێت. پێشتر دادگای فیدڕاڵی بریاری سیاسی زۆری داوە وەک لە دۆسیەی نەوت و بودجە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەر بڕیارێکی نەرێنی دادگا زیانێکی زۆر بە پێکهاتەکان دەگەیەنێت".