هێزێکی ئەمنی لە سنووری سلێمانی هەڵدەکوتێتە سەر بنکەیەکی پۆلیس

بەردەم ئەو بنکەی کە تەقەی لێکراوە
بەردەم ئەو بنکەی کە تەقەی لێکراوە

K24 – سلێمانی

ئەمڕۆ یەکشەممە 10/12/2023، هێزێکی ئەمنی سلێمانی هەڵدەکوتێتە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە تاسڵوجە و دوو پۆلیس بریندار دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەرەتای کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لە کارمەندانی ئەو هێزە ئەمنییە بە ئۆتۆمبێلەکەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، ئۆتۆمبێلەکەی براوەتە بنکەی پۆلیسی تاسڵوجە کە هاوکات بنکەی پۆلیسی هاتووچۆیە، بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ بکەن، کاتێک کارمەندانی ئەو هێزە ئەمنییە لەگەڵ فیتەرێک دەچن سەیری ئۆتۆمبێلەکە بکەن، لەگەڵ پاسەوانەکانی بنکەی پۆلیس لێیان بووەتە دەمەقاڵە، لەبەر ئەوەی پاسەوانەکان پێیان گوتون نابێ هەمووتان بچنە ژوورەوە، لەو کاتەوە دەبێتە شەڕ لەناو بنکەکە دروست دەبێت و یەکێک لە کارمەندانی ئەو هێزە ئەمنییە تەقە لە بنکەی پۆلیس دەکات، لە ئەنجامدا دوو پۆلیس برینداربوونە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، هەردوو پۆلیسە بریندارەکە بۆ چارەسەری تەندروستی رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون.

پەیامنێرمان لە سلێمانی راشیگەیاند، هێزێکی ئاسایش و پۆلیس سەردانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجەیان کردووە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت.