وەزیری ناوخۆ: هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال نەنراوە

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "هیچ هەنگاوێک" بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال نەنراوە. بە پێویستیشێ دەزانێت هێزە ئەمنییەکان هەموو تواناکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بخەنەگەڕ.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی دوایین رۆژی 'هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان' لە هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

سەردانی شاندی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ هەولێر

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە پێکهێندراوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و، لەگەڵ لیژنەی ئەمنی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆییەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، کۆبووەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، "جەختمان کردەوە کە نابێت لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق رێگری لە چوونی هیچ کەسێک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بکرێت و پێویستە  ئاسانکاریی تەواو بۆ دەنگدەران بکرێت".

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 کراوە. وابڕیارە، رۆژی 18ـی ئەم مانگە و دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە. ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە 15 کورسی پێکدێت و، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، هەردوو لیژنەکە، جەختیان لە ئاسایش و سەقامگیری شاری کەرکووك کردووەتەوە، "چونکە ماوەیەکی زۆر درێژە لە کەرکووک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکراوە. ئەمڕۆ جەختمان لەوە کردەوە، دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئاسایشی دەنگدەران و بنکەکانی دەنگدان پارێزراو بێت و رێگری بکرێت لە هەر ساختەکارییەک لە رۆژی دەنگدان".

جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال

رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.

رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد.

وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، دوای سێ ساڵ لە واژووکردنی رێککەوتنی شنگال، "بەداخەوە هیچ هەنگاوێک نەچووینەتە پێش؛ ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئاوارە و خوشک و برایانی ئێزدی نەتوانن بگەڕێنەوە شنگال، لەبەر ئەوەی وەکو پێویست خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەیان نییە".

رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەمیشە داوامانکردووە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکاربووە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی عێراقیش خەڵکانێک هەنە، رێگرن لەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".

تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت

پەرلەمانی کوردستان رۆژی 1ـی ئاداری 2022 یاسای ژمارە دووی چەکی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد. بەگوێرەی ماددەی 15ـی یاساکە؛ هەر کەسێک بە بێمۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بەبەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (2.000.000) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، "هەڵمەتی داماڵینی چەکی بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی ئەرێنی لە چەند ئاستێکەوە هەبووە، بەتایبەت لە ئاستی هۆشیاری خەڵک بۆ هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا  17 هەزار هاووڵاتیی چەکە بێمۆڵەتەکانیان تۆمارکردووە و ئێستا خاوەن مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکن.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بەردەوامی هەڵمەتی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی دەبێت. ئەنجامی ئەم چەندە لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرنەکەوێت و پێویستی بە کاتە".

رۆژی یەکشەممە 30-07-2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن."

وەزیری ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ رژدین کە دەبێت یاسای هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت وەکو خۆی جێبەجێبکرێت. جێگەی دەستخۆشییە دادگاکانیش زۆر هاوکارمان بوون لەم بوارەدا؛ بەپێی یاساکە، ئەوەی چەکی بێ مۆڵەتی پێبووە، سزادراوە لەوانەش سزایی دارایی و زیندانیکردن".

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوا لە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانەی چەکی بێمۆڵەت هەڵدەگرن، "بێن لە وەزارەتی ناوخۆ چەکەکانیان تۆماربکەن و ببنە خاوەنی مۆڵەت و، هیچ کاتێک پەنا نەبەنە بەر چەک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، چونکە بەکارهێنانی چەک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی خێزانی بێت یان ناوچەیی، تەنها کێشەکان زیاتر دەکات".