عەبدولباست دەروێش: زیاتر لە 24 دەزگای راگەیاندن رووماڵی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكەن

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی نووسینگەی كەركووكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دوا مۆڵەتی کۆمیسیۆنە بۆ دەرهێنانی باجی چاودێری هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) عەبدولباست دەروێش، گوتەبێژی نووسینگەی كەركووكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بە كوردستان 24ی راگەیاند، زیاتر لە 24 دەزگای راگەیاندن رووماڵی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكەن.
هاوکات راشیگەیاند، ئەمڕۆ دوا مۆڵەتی کۆمیسیۆنە بۆ دەرهێنانی باجی چاودێری هەڵبژاردن.
گوتەبێژی نووسینگەی كەركووكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت: ئەوانەی كارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە، با سەردانی بنكەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەیان.
وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.