ئاهەنگ ئەنوەر جەباری: بە سەربازییکردنی شاری کەرکووک رادەگرین

K24-هەولێر:

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە شاری کەرکووک دووپات لەوە دەکاتەوە، پرسی بە سەربازیکردنی شاری کەرکووک رادەگرن و پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە هەڵدەبژێرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ( 10 ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئاهەنگ ئەنوەر جەباری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بە کوردستان24 ی راگەیاند: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لە چوارچێوەی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقی، یاساییە لەهەر شوێنێک هەڵبکرێت جگەلە فەرمانگە حکومیەکان.

لەبارەی ئەو ساڵانەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شارەکە قەدەغە کرابوو، ئاهەنگ ئەنوەر گوتی: چەند ساڵە ئەو لایەنەی کەرکووکی فرۆشت و دای بە هێزە عێراقییەکان، هیچ بەرگرییەکی لە خەڵکی کەرکووک و کوردستانیان نەکرد لە کاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، بۆیە ئەو پرسە بە نایاسایی باس کرابوو.

پێشی وابوو،پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پرسێکی سیاسیە و یاسایی نیە، ناتوانرێ قەدەغە بکرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش لە شاری کەرکووک، ئەو کاندیدەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەڵبژاردنە بۆ کەرکووک چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەیە، ئەمجارە بەو پێیەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەمووار کرایەوە، هەموو دەسەڵاتەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت و هەموو بابەتەکانی کەرکووک هەر لە کەرکووک یەکلا دەبێتەوە و،دەسەڵاتی  رەها بە ئەنجوومەنەکە دەدرێت لە پرسی دانانی پارێزگار و یەکە ئیدارییەکان و بودجە و ئاسایش و پەروەردە و بابەتەکانی دیکە.

ئاهەنگ ئەنوەر ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکووک سێ ئەرکی هەیە، لەوانەش دەرکردنی یاسا و چاودێریی و خزمەتگوزاریی بۆ خەڵک، بەڵێنیشی بە کەرکووکیەکان دا پرسی بە سەربازیکردنی شاری کەرکووک کە پێچەوانەی یاسایە، هەموو توانایەکی بۆ بخەنە گەڕ دژی بووەستنەوە رایگرن، گوتیشی: دۆسێی ئەمنی شاری کەرکووک دەدەینەوە دەست هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس، بە پێویستی زانی زۆرترین پۆلیس کورد بێت بەو پێیەی کورد پێکهاتەی یەکەمی شارەکەیە.

لەبارەی ئەجندا و پلانی پارتی، ئاهەنگ ئەنوەر گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، شەڕی ناسنامە و کوردستانی بوونی کەرکووک دەکەین، هاوکات نەخشەی ئیداری ئەو شارە بە بڕیاری زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەن دەگۆڕین.

کاندیدەکەی پارتی گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی بڕیاری دانانی پارێزگاری کەرکووک لەلایەن پارتیەوە دەبێت، گوتی: هەرچەند پارتی خۆی لە کەرکووک نەبووە، بەڵام بڕیارەکانی کاریگەری لەسەر دانانی کەسە یەکەمەکانی یەکە ئیداریەکانی ئەو شارەدا هەبووە.

کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment