بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سوپای وڵاتەکەی

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سوپای ئیسرائیل، دوای ئەوەی وێنەی گەنجانی دیل و پیاوانی کەرتی غەززەی بڵاوکردەوە کە جلوبەرگیان لەبەرنەبووە، تەنها جلی ژێرەوەیان لەبەر بووە و دەست و چاویشیان بەستراوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی پێشوو بەبێ ئاشکراکردنی ناوی خۆی بە رۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست"ـی راگەیاندووە، سوپای ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوە و وێنە گرتنی دیلەکانی فەڵەستینی بەبێ جلو بەرگ، کە بە گوتەی خۆی "نا لۆژیکییە".
گوتیشی: ئامانجی ئەم وێنانە دەنگدانەوەیە لەناو رای گشتی ئیسرائیلدا، تەنانەت لەناو گروپێکی دانیشتووانی دیاریکراویشدا، بەڵام کاریگەرییان نادیارە.
ئەو بەرپرسەی پێشوو نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دەرکەوتنی هەندێک رووداو بە شێوەیەکی "پلان بۆ دانراو".
بۆ نموونە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، پیاوێکی بەساڵاچوو بە جلی ژێرەوەی خۆیەوە دەبینرێت کە دەچێتە پێشەوەی هێڵەکە و چەکەکەی دەخاتە خوارەوە. هەروەها بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پێشوو، ئەم وێنە تایبەتە "پرسیارێکی زۆر دەوروژێنێت".
ئاماژەی بەوەشکرد: لە چ بارودۆخێکدا کەسێک بەر لە رادەستکردنی چەکەکەی جلەکانی دادەکەنێت؟، بە لۆژیکی دەبێت سەرەتا چەکەکە رادەست بکرێت و دواتر جلەکان دادەکەندرێت.
باسی لەوەشکرد، "هەموو کەسێک لەوێ تیرۆریست نییە، هەندێک کەس هەر لەوشوێنە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و ئازاد دەکرێن، لەکاتێکدا تەنها چەند کەسێک لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ دەکرێت".
لە کۆتاییدا دەڵێت: "کێبڕکێکردنی زەلیلکردن لەگەڵ حەماس شایانی ئەوە نییە"، چونکە "حەماس خاوەنی ڤیدیۆی 7ـی ئۆکتۆبەرە کە ئیسرائیلییەکان لەهەمان حاڵەتی زەلیلکردن دان".
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حهماس له 7ـی ئۆكتۆبهری رابردوو دەستیپێکردووە، کە بووه هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له 16 ههزار فهڵهستینی له كهرتی غهززه، كه زۆربهی كوژراوه فهڵهستینییهكان ژن و منداڵن.