هەدەپ ناوی خۆی بۆ دەم پارتی دەگۆڕێت

K24 – هەولێر:

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان کورتکراوەی ناوی پارتەکەی لە "هەدەپ" بۆ دەم پارتی دەگۆڕێت.

رۆژی دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، ناوی کورتکراوی پارتەکەیان (هەدەپ) کە لەلایەن دادگای باڵای تورکیا رەتکرابووەوە، گۆڕیوە و کورتکراوی نوێ بوو بە دەم پارتی.

گوتەبێژی دەم پارتی گوتیشی، هیواخوازن ناوی نوێ ببێتە مایەی سەرکەوتن بۆیان و ئێستا کات کاتی دەمێکی نوێیە.

لە چوارەمین کۆنگرەی گشتیی خۆیدا کە لە (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەڕێوەچوو، پارتی چەپی سەوز کە لە ساڵی 2012ـەوە دامەزراوە، ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (ھەدەپ) و هەریەکە لە تولای هاتمئۆغڵولەری و تونجەر باکیرهان بە هاوسەرۆکانی پارتەکە هەڵبژێردران.

دوای ئەوەی دادگای باڵای تورکیا رەتیکردەوە، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، کورتکراوەی "هەدەپ" بەکاربهێنێت، بۆیە بڕیاردرا کورتکراوەی ناوی پارتەکەیان بۆ دەم پارتی بگۆڕن.

لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵیش کە پارتی چەپی سەوز نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەکرد، توانی لە پەرلەمانی تورکیا 62 کورسی بەدەستبهێنێت کە ئێستا پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نوێنەرایەتییان دەکات.