سوودانی جەخت لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان کردەوە و رایگەیاند، عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە و راوێژکارە دیپلۆماسییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت و هێزە ئەمنییەکان رژدن لەسەر بەدواداچوون بۆ بکەرانی هێرش بۆ سەر نێردە و راوێژکارە دیپلۆماسییەکان و مامەڵەکردن بە گوێرەی یاسا و پاراستنی بەرژەوەندییهكانی عێراق.
ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی 8/12/2023، لەلایەن گرووپە چەکدارەکان هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە هێرشکراوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا.
له لایهن خۆشییهوه حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات و راشیدەگەیەنێت: ئەوانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن لە تاوانەکان هاوبەشن.