ئەمەریکا: هەر وڵاتێک پابەندی یاساکان بێت چەکی بۆ دابین دەکەین

K24 – هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیسرائیل بێبەری نییە و ئەو سیاستە دەیگرێتەوە کە ئەمەریکا داوای کردووە، هەر وڵاتێک پابەندی یاساکانی جەنگ بێت واشنتن چەکی بۆ دابین دەکات.

ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاند، ئیسرائیلیش ئەو سیاستە دەیگرێتەوە کە ئەمەریکا داوای دەکات، کە هەر وڵاتێک پابەندی یاساکانی جەنگ بێت، واشنتن چەکی بۆ دابین دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت واشنتن بەبێ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیاری کۆنگرێسدا بکات، نزیکەی 14 هەزار گولـلەی تانکی بە ئیسرائیل فرۆشتووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راشیگەیاند، ئەمەریکا بۆ هەر وڵاتێک چەک دابین دەکات، بە مەرجێک، "بە تەواوی پابەندبێت بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی جەنگ بەکاربهێنێت، ئەوە ئیسرائیلیش دەگرێتەوە".

لای خۆیەوە پنتاگۆن رۆژی هەینی رایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی دەسەڵاتی فریاکەوتنی بە پێی یاسای کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی چەک بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی چەک بە بەهای 106.5 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دەستیپێکرد، کە بووه‌ هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له‌ 18 هه‌زار  فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ژن و منداڵن.

ئا: لاڤین عومەر