بایدن: ناکۆکیم لەگەڵ ناتانیاهۆدا هەیە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لە پێشوو و لە ئێستاشدا ناکۆکی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەیە، دەشڵێت، ناتانیاهۆ لە "دۆخێکی سەختدایە"، هۆشداریشیدا لە گۆڕانی بیروڕای گشتی بەرامبەر بە ئیسرائیل.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ دووشەممە، بەبۆنەی جەژنی جولەکەکانەوە لە کۆشکی سپی، باسی لە پەیوەندی دەیان ساڵەی خۆی لەگەڵ ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیارنی ئیسرائیل کرد.
جۆ بایدن گوتی: ئیسرائیل لە "دۆخێکی سەختدایە"، من لەگەڵ هەندێک سەرکردەی ئیسرائیل ناکۆکیم هەیە، روونی نەکردەوە کە چ جیاوازییەک لە نێوانیاندا هەیە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، بەهۆی پشتگیریی بۆردومانە توندوتیژەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، رووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە.
بایدن بەو جولەکانەی کە ئامادەی ئاهەنگی جەژنەکەیان بوون لە کۆشکی سپی گوتووە، بەبێ گوێدانە ناکۆکی لەگەڵ سەرکردایەتی ئیسرائیل، پابەندبوونی ئەو بە دەوڵەتی سەربەخۆی جوولەکەکان، بێ چەواشەکارییە.
لە ئاهەنگەکەدا بە ئامادەبووانی گوت، "ئەگەر ئیسرائیل نەبوایە، جولەکەیەکی سەلامەت لە جیهاندا نەدەبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکارییەکان بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت تاوەکو حەماس شکست دەهێنێت، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە رای گشتی دەتوانێت گۆڕانکارییەک دروست بکات، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل هەبێت.
دەشڵێت: "دەبێت وریا بین، ئەوانیش دەبێت وریا بن، هەموو بیروڕای گشتی جیهان دەتوانێت لە شەوێکدا گۆڕانکاری بکات، ناتوانین رێگە بدەین ئەوە رووبدات".
بایدن جەختیکردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن، هەروەها خێراترکردنی پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییەکان و جەختکردن لەسەر دۆستە ئیسرائیلییەکانمان کە پێویستە ژیانی مەدەنییەکان بپارێزین.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، 18 هەزار و 205 کەس کوژراون و نزیکەی 50 هەزار کەسیش برینداربوون، ئەمەش رەخنەی توندی لەناو ئەمەریکادا لێکەوتووەتەوە.