کابینەی نۆیەم دوای نۆ ساڵ کێشەی زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی چارەسەرکرد

K24 - هەولێر

دوای نۆ ساڵ، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی خاوەنی زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی چارەسەرکرا.

رۆژی پێنجشەممە، 07-12-2023، دوای نۆ ساڵ، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە رێوڕەسمێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رێپێدانی بە چوار هەزار و 200 خێزان دا بۆ ئەوەی بتوانن له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی قه‌ره‌بووی گوندی كۆریی لە هەولێر خانوو دروستبکەن.

شوان حەمەد، نوێنەری قەرەبووکراوانی گوندی کۆری بە کوردستان24ـی راگەیاند، "نازانین بە چ شێوەیەک دڵخۆشی خۆمان دەرببڕین. هێندە دڵخۆشین وەسف ناکرێت. ئێمە لە سەرەتاوە زۆر سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و دەستخۆشی لێ دەکەین. بە ڕاستی زۆر پشتیوانی کردین لەم دۆسیەیە و بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ بوو تاوەکو ئەم دۆسیەیە لە بەرژەوەندی ئێمەدا کۆتایی هات".

 

 

گوندی كۆری له‌ ساڵی 2014 لەسه‌ر رووبه‌ری هەزار و 592 دۆنم زەوی وەکو هاوکارییەک بۆ کرێنشینان دروستکراوە، کە بریتیبوون لە پێنج هەزار و 304 یەکەی نیشتەجێبوون. ئەوکات 1200 لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەتی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت.

رۆژی چوارشەممە، 04-10-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وێنه‌ی تۆماری نزیكه‌ی 4200 پارچه‌ زه‌وی له‌ گوندی كۆری ته‌واوكران، خاوەن زەوییەکان پێشتر بڕیاردرا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕی 7000 دۆلار و زەوییەکی 200 مەتری قەرەبوو بکرێنەوە.

Fly Erbil Advertisment