هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت و کۆمیسیۆن ئامادەکارییەکان تەواودەکات

K24 – هەولێر:
دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان دەکرد، نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی بۆ رۆژی دەنگدان راگەیاند و ئەوەی ماوەتەوە نزیکەی دابەشکردنی 25%ـی کارتەکانی بایۆمەتری دەنگدانە.
رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) عەلی عەباس، گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، کارتەکانی دەنگدانی گشتی بەرێژەی 75% دابەشکراوە، بەشێوەیەک 192 هەزار و 373 هاووڵاتی زانیارییەکانیان لە تۆماری دەنگدەران نوێکردووەتەوە و لەو رێژەیش 133 هەزار و 657 کارتی دەنگدان دراوەتەوە بە هاووڵاتییان و تاوەکو ئێستا 58 هەزار و 716 کارتی دەنگدانی گشتی ماوەتەوە.
هەروەها بۆ دەنگدانی تایبەت تاوەکو ئێستا 20%ـی کارتەکانی دەنگدان ماونەتەوە و گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆن جەختی کردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوو بەردەوام دەبن لە دابەشکردنی ئەو کارتانەی ماونەتەوە و داواشی لە هاووڵاتییان کرد سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگاکە ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دادگای باڵای فیدراڵی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا تاوتوێی ئەو دوو سکاڵایەی کردووە کە لەلایەن کاندیدێکی هاوپەیمانی قیادە و کاندیدێکی بەرەی تورکمانی تۆمارکراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
لەو دوو سکاڵایەدا داواکرابوو تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک جارێکی دیکە وردبینی تێدا بکرێتەوە و ناوی 257 هەزار دەنگدەری کورد لە کەرکووک لە تۆمارەکە دەربهێندرێت، کە مەبەست لەو داوایەش بێبەشکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کەرکووک بوو لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوونە و دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک.
رۆژی دووشەممە (4ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاردانی لەبارەی ئەو سکاڵایەی دواخست بۆ گوێگرتن لە لایەنی سێیەم کە حکومەتی فیدراڵی بوو لەبارەی ئەو پرسە.
257 هەزار کوردی دانیشتووی کەرکووک پێش ساڵی 2003 بەهۆی رژێمی پێشووی عێراقەوە، ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون. دواتر لە ساڵی 2003 و دوای ئەوەی رژێمی بەعس رووخا، گەڕانەوە کەرکووک و فۆڕمی خۆراکیان بۆ ئەو شارە گواستەوە و مافی دەنگدانیان هەیە. ئێستا عەرەب و تورکمانەکان داوا دەکەن هەر هەموویان لە دەنگدان بێبەش بکرێن، کە ئەمەش لەلایەن کوردەوە رەتدەکرێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکدێت (لەگەڵ کورسییەک بۆ کۆتای کریستیانەکان)، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.
لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە. کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیە، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.
دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە.
هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە پارێزگای کەرکووک، 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و 898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکراوە. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەدەچێت
هاوکات لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە چەند لیستێکی جیاواز بەشدارییان کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە 197 بەشداری کردووە و 30 کاندیدی هەیە، هەروەها یەکێتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیەتی " کەرکووک هێز و ئیرادهمانه"ـی پێکهێناوە و ژمارەکەی 142ـە و لیستەکەیان لە 30 کاندیدی هەردوو حزبەکە پێکهاتووە.
هەروەها یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پارێزگای کەرکووک بە هاوپەیمانییەتی "مەشخەڵی کەرکووک" بە ژمارە 163 بەشدارییان کردووە ق چوار کاندیدیان هەیە. حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 و نەوەی نوێش بە ژمارە 167، لیستیان هەیە و بەجیا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کردووە.