تورکیا بەیەک مەرج رازی دەبێت سوید پەیوەندی بە ناتۆوە بکات

K24 - هەولێر
تورکیا دووپاتی کردەوە کە دژایەتی فراوانکردنی هاوپەیمانی ناتۆ ناکات، بەڵام ئاماژەیە بۆ پەلە نەکردنی لە پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوونی سوید بەو هاوپەیمانییە، هەروەها بڕیارەکە گرێدراوە بە رەزامەندی ئەمەریکا بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی F-16.
فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا، کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند: "تورکیا پەلە ناکات بۆ پەسەندکردنی پەیوەستبوونی سوید بە هاوپەیمانی ناتۆ"، گوتیشی: رەنگە تا سەرەتای ساڵی 2024 تاوتوێی پرۆتۆکۆلی پەیوەستبوون نەکەین، چونکە ئێمە ئەولەویەتی خۆمان هەیە".
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، لیژنەکە گفتوگۆی لەسەر پرۆتۆکۆلی پەیوەستبوونی سوید دواخست، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە 23ی ئۆکتۆبەر رایگەیاندبوو، پەرلەمان لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆکردنە لەسەر رەشنووسی بودجەی گشتی وڵات بۆ ساڵی 2024.
ئۆکتای تا مانگی ئایاری رابردوو جێگری سەرۆکی تورکیا بوو، هەروەها رەزامەندی ئەمەریکای بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-16 بە تورکیا و پەسەندکردنی داواکاریی سوید بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە بەیەکەوە گرێدا.
ئۆکتای گوتیشی: پێویستە ئەمەریکا واز لەو پرسە بهێنێت، پێشنیاری کرد کە دوو کار لە یەک کاتدا بەرەو پێشەوە بچن، ئەویش فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا و پەیوەستبوونی سوید بە هاوپەیمانی ناتۆیە.
ئۆکتای داوای لە سوید کرد سەرەتا نەخشەڕێگایەک بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا دەکەن دابنێن، هەروەها بەنیازە لەگەڵ باڵیۆزی سوید لە ئەنقەرە کۆببێتەوە و تاوتوێی ئەو هەنگاوانە بکات کە وڵاتەکەی بەمەرج دایناوە.
ئەو لێدوانەی ئۆکتای دوای ئەوە هات کە تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاندبوو، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل، هاکان فیدان پێی گوتووە، کە تورکیا پەیوەست بوونی سوید بەناتۆ پەسەند دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئەمەریکا پێدانی فڕۆکەی جەنگی F-16 بە تورکیا بە پەسەندکردنی پەیوەستبوونی سویدەوە دەبەستێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پێشتر بە ئەمەریکام گوتبوو دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر کۆنگرەیەکتان هەبێت کە دەستکەوتنی F-16 مان بەیەکەوە ببەستێتەوە. ئەوە پەرلەمانێکمان هەیە کە دەتوانێت داواکارییەکەی بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ پەسەند بکات.