بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو: مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە.

د. کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وشکەساڵی زۆر جۆری هەیە، وەک وشکەساڵی هایدرۆلۆجی، کشتوکاڵی، وشکە ساڵی کەمبوونی ئاو، کە چەند ساڵێکە ئێمە لەناو گۆڕانی کەشوهەوا داین، کە زۆر وشکەساڵی تێدا دووبارە دەبێتەوە".

گوتیشی: "لە 20 ساڵی رابردوو وشکەساڵی زیادیکردووە، بەگشتی ئاو کەمیکردووە، بەشێکی پەیوەندی بە گۆڕانی ئاوهەواوە هەیە، بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە داخوازییەکان و خواستی ئاو لای هاووڵاتییانەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە پڕۆژەکانی وڵاتانی دراوسێ هەیە، بەگشتی کەرتی ئاو پێویستی بە بایەخێکی زیاتر لە هەموو روویەکەوە هەیە".

د. کاروان سەباح، راشیگەیاند: "بەگشتی مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەویش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەری زۆری لەسەر سەرچاوەکانی ئاو هەبووە و کەمی کردون، لە کاتێکدا داواکاری و ژمارەی دانیشتوان روو لە زیادبوونە".

ئا: لاڤین عومەر