وەزیری دەرەوەی عێراق سەیری فیلمی شاردنەوەی سەددام دەکات
K24 – هەولێر :
وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ سەیرکردنی فیلمی( شاردنەوەی سەددام)، بەشداری ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆ دەکات و دەڵێ: ئەگەر سیاسەتمەدار نەبووامم، حەزم دەکرد کاری نووسینی سیناریۆم بۆ فیلم بکردبوایە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی کۆشکی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکی کرد و، ئامادەی فیلمی ( شاردنەوەی سەددام) بوو لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا کە لەنێوان نەروێژ و هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، سوپاسی ئامادەکاران و هونەرمەندانی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکی کرد و بە ڤیستیڤاڵێکی کاریگەر وەسفیکرد.
فوئاد حوسێن گوتی: ئەوە رووداوێکی گرنگی رۆشنبیری و هونەرییە و، خزمەت بە پیشەسازی سینەما و ئابووری شاری دهۆک دەکات، لەگەڵ ئەوەش پشتگیری خۆی بۆ سینەماکارانی جیهانیی بەشداربووی ڤیستیڤاڵەکە دەربڕی.
لەدوا قسەکانی بۆ رۆژنامەنووسان، فوئاد حوسێن گوتی: ئەگەر سیاسەتمەدار نەبووام، حەزم دەکرد سیناریۆم بۆ فیلمەکان نووسیبا.
رۆژی ( 9 ی کانوونی یەکەمی 2023)، دەیەمین ڤیستیڤاڵی سینەمایی دهۆک بە سپۆنسەریی کوردستان24 بە فیلمی( مێسیی بەغدا) لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە دەستیپێکرد.
کارزان حەیدەر