گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان: 13 هەزار چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردن دەکەن
K24 – هەولێر :
گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوە دەکات، 13 هەزار چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن، بۆ ئەوەی کێشەی تەکنیکیش روو نەدات، ئامێرەکانی هەڵبژاردن چەند جارێک تاقیکراونەتەوە.
عەلی عەباس گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ کوردستان 24 ئاشکرای کرد، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواوبوون، دووپاتیکردەوە دەنگدان لەکاتی خۆی بەرێوەدەچێت وەکو ئەوەی بەرنامەی بۆ دارێژراوە، دەشڵێ: کارمەندەکان ئامادەکراون و ئامێرەکان تاقیکراونەتەوە، پشتیشمان بە 13 هەزار چاودێری نێودەوڵەتی و 14 هەزار چاودێری پارت و لایەنە سیاسیەکان بەستووە، لەگەڵ ئەوەش 200راگەیاندکار و 11 ناوەندی راگەیاندن پرۆسەکە رۆماڵدەکەن .
گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوە دەکات، هەر هاووڵاتیەک لەنێو کەرکووک بێت و کارتی بایۆمەتری و کارتی دەنگدانی پێبێت و، کەرکووکی لەسەر نووسرا بێت، مافی ئەوەی هەیە لە کەرکووک دەنگ بدات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی عەباس رایگەیاند: لە ساڵی 2005 ەوە هەڵبژاردن لە کەرکووک نەکراوە، ئەو هەڵبژاردنە بۆ خەڵکی کەرکووک جیاواز لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینە و کەسی گونجاو بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێرن.
کارزان حەیدەر