هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لە زاخۆ راگەیەندرا

هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لە زاخۆ راگەیەندرا
هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لە زاخۆ راگەیەندرا

K24 - هەولێر

لە ماوەی چەند مانگێکدا یەک ملیۆن نەمام لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆ زاخۆ دەچێندرێن. گوهدار شێخۆ دەڵێت، پڕۆژەکە "خەونێک بوو بۆ من" و بووە بەڕاستی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-12-2023، هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیاندرا و، پڕۆسەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ خۆشترین رۆژە بۆ من، پڕۆژەکە وەکو خەونێک بوو بۆ من، ماوەیەکی زۆربوو کارمان لەسەری دەکرد و توانیمان بەڵێنەکەمان بەجێبگەیەنین".

هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمامەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت. گوهدار شێخۆ گوتی، "قۆناغی یەکەم لەئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و 100 هەزار نەمام ئامادەن و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەچێندرێن. لە قۆناغی دووەمیشدا سەدان هەزار نەمامی دیکە دەچێندرێن، کە لەوانەیە بکەوێتە دوای جەژنی نەورۆز؛ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەر یەک ملیۆن نەمامەکە بچێنین".

بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەکە؛ "زاخۆ وەکو هەموو شوێنەکانی دیکەی جیهان رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بووەتە. پێشتر رووبەری سەوزایی لە زاخۆ وەکو پێویست نەبوو، وێرای ئەوەی رۆژانە لە سنووری ئیدارەکە نەمام دەچێنین و پارک دروست دەکەین، ویستمان لە هەڵمەتێکدا یەک ملیۆن نەمام لە سنووری شارەکە بچێنین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راسپاردووین گرنگی بە هەموو کەرتەکانی ژیان و بەتایبەت زیادکردنی رووبەری سەوزایی بدەین".

 

Fly Erbil Advertisment