بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ هەزاران هاووڵاتی سوودانی ئاوارە بوون

K24 - هەولێر

پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک لە شاری وەد مەدەنی، بووە هۆی هەڵاتنی هەزاران هاووڵاتی بەرەو شارەکانی ویلایەتی ناوەڕاست و لادێکان، دەسەڵاتدارانی خۆجێیش باری نائاسایی و قەدەغەی هاتووچۆی ئێوارانی راگەیاند.

هێرشکردنە سەر پایتەختی ویلایەتی جەزیرە لە ناوەڕاستی سوودان دۆخێکی ناهەمواری گەورەی لە جوڵەی بازرگانیدا دروستکرد، ئەمەش وایکرد هەزاران بازرگان لە بازاڕەکانی شارە گەورەکانی وەک "مەدەنی، حەساحیسا، و تیمبۆل" کەلوپەلەکانیان بۆ ناوچە سەلامەتەکان بگوازنەوە، بەهۆی پێشبینی دووبارەبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تاڵانکردن لە خەرتومی پایتەختدا.

دانیشتووانی شاری مەدەنی رایانگەیاند، دوێنێ شەممە، شەڕ و پێکدادانەکان نوێبوونەتەوە، هاوکات بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانکردن لەلایەن هێزەکانی سوپاوە بۆ سەر شوێنەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوچەی حەنتۆب بەردەوام بووە، کە دەکەوێتە کەناری رۆژهەڵاتی نیلی شین.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند، شەڕەکان تادێت توندتر دەبن و پێکدادانەکان چڕبووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئەمنی و مرۆیی بەرەو ئاستێکی ترسناک دەڕوات کە کارەساتی لێکەوتووەتەوە، دەشڵێت: هاووڵاتیان بە هەموو ئاراستەکاندا هەڵدێن بۆ ئەوەی لە شارەکە دەربچن پێش ئەوەی دۆخەکە زیاتر تێکبچێت.

دانیشتوانی شارەکە رایانگەیاندووە، تەقینەوە بەهێزەکان گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی رووباری نیلیان هەژاندووە، هەروەها فیشەک و تەقەمەنی قورس دەکەونە سەر ماڵی دانیشتووانان، هەروەها تا ئێستا هیچ لایەنێکی حکومی و ناحکومی داتای لەسەر ژمارەی قوربانییەکان بڵاونەکردووەتەوە.

هێرش بۆ سەر شاری وەد مەدەنی لە کاتێکدایە کە شەڕی سوودان دەچێتە مانگی دەیەمی خۆیەوە، کە زیاتر لە 12 هەزار کوژراو و نزیکەی شەش ملیۆن کەسیش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاوارە بوون.

شەوی هەینی، پارێزگاری ویلایەتی جەزیرە بە وەکالەت، تاهیر ئیبراهیم ئەلخەیر، باری نائاسایی و قەدەغەی هاتوچۆی لە ویلایەتی جەزیرەدا راگەیاند، لە کاتژمێر شەشی ئێوارە تا شەشی بەیانی، هەروەها  داوا دەکات بازاڕ و دوکانەکان بۆ ماوەی دیاریکراو دابخرێن.

لیندا تۆماس گرینفیڵد، کونسوڵی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لەو دۆخەی کە هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شاری وەد مەدەنی لە سوودان، کە بەهەزاران کەس بەهۆی ئەو شەڕەوە هەڵاتوون.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە خەرتوم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، دەبێت هەموو هێزەکان پابەند بن بەپاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل بەهەر نرخێک بێت.