سوودانی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه داوایه‌ك له كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات

K24 – هەولێر:
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، داوا له كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت (ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وانه‌ی له عێراق كارده‌كه‌ن) ده‌كات، سبه‌ی له رۆژی ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، هاوكاری كارمه‌نده‌كانیان بۆ به‌شداری له پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكه‌ن.
له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا باسم عه‌وادی گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 17ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023)، سوودانی داوای له كۆمپانیاكانی (ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وانه‌ی له عێراق كارده‌كه‌ن) كرد، رێگه به كارمه‌نده‌كانیان بده‌ن سبه‌ی 18ـی كانوونی یه‌كه‌م وه‌ك مافێكی ئاسایی خۆیان به‌شداری له پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ن.
عه‌وادی له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ده‌شڵێت: "سوودانی داوای هاوكاری پێویستی له‌مباره‌یه‌وه له كۆمپانیاكان كردووه".
وابڕیارە سبه‌ی دووشه‌مه 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت، کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.