دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت
کورد لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین و بەغدا بەشدارە

K24 – هەولێر:
پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین و بەغدا بەشدارە، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی شەممە، دەنگدانی تایبەت بە رێژەی بەشداری 67%ـی دەنگدەران بەڕێوەچوو.
رۆژی دووشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە 15 پارێزگا، کاتژمێر 7:00ـی بەیانی بنکەکانی دەنگدان دەکرێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
زیاتر لە 16 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە دەکەن کە کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.
دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
دوای خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە 2019، وەک یەکێک لە داواکاری خۆپیشاندەران، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراقدا لە نیسانی 2013 بەڕیوەچوو، هاوکات وەک یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی پێکهێنانی سوودانی لە ئەنجامی رێککەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هاتە کایەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو.
هەروەها دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە.
رۆژی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو، کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکرابوو کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو. لەلایەن خۆیەوە، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگەیاند، رێژهی بهشداریكردن له دهنگدانی تایبهتی ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی زیاتر زیاتر له 67% بووه، بەشێوەیەک ژمارهی دهنگدهران زیاتر له 706 ههزار کەس بوو.