ئۆستن بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل

لۆید ئۆستن
لۆید ئۆستن

K24 – هەولێر :

بە مەبەستی فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن دەچێتە ئیسرائیل و بەحرەین و قەتەر.

میدیاکان بڵاویان کردەوە، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن دەچێتە ئیسرائیل و بەحرەین و قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی بارمتەکان و مەترسییەکانی پەیوەست بە هەڕەشەکانی حوسییەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیەکانی گەرووی باب ئەلمەنداب، لەگەڵ ڕێگریکردن لە شەڕێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا.

ئۆستن لە پێگەی( ئێکس) بڵاوی کردۆتەوە و دەڵێ: من سەردانی ئیسرائیل و بەحرەین و قەتەر دەکەم بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونەکانی ئەمەریکا بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکان، بۆ باشترکردنی تواناکانی بەرگری.

ژەنەڕاڵ چارلس براون جونیور سەرۆکی دەستەی هاوبەشی ئەمریکا لەگەڵ ئۆستن، بەشداری کۆبوونەوەکان لەگەڵ فەرماندەکانی حکومەتی جەنگیی ئیسرائیل دەکات بۆ قسەکردن لەسەر قۆناغی داهاتوو و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەپێناو تێکشکاندنی بزووتنەوەی حەماس و چۆنیەتی پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل.

ئۆستن دووەمجارە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7 ی ئۆکتۆبەر،سەردانی ئیسرائیل دەکات، دوای سەردانی هەریەک لە جیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و راوێژکاری جۆ بایدن بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست برێت ماکگریک.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ پتر له‌ 19 هه‌زار كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته‌ 50 هه‌زار و 897 كه‌س.

کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment