کۆمیسیۆن رێگری لە دەنگدانی گشتی وەزیری ناوخۆی عێراق کرد

K24 - هەولێر

فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێگرییان لە وەزیری ناوخۆی عێراق کرد دەنگبدات.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "شەفەق نیوز"، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بەمەبەستی دەنگدان، گەیشتە بنکەی دەنگدان لە هۆتێلی رەشید لە بەغدا، بەڵام فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان IHEC به بیانووی ئەوەی مافی دەنگدانی گشتی نییە رێگرییان لێکردووە، دەڵێن: تەنیا بۆی هەیە لە دەنگدانی تایبەتدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەنگبدات.

وەزیری ناوخۆ، کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوونی کاری ئەمنی بۆ ناوەندەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، کاتژمێر 7:00 پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق دەستیپێکرد، هاوکات شەممەی رابردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان و ئاوارە و زیندانیانی زیندان ئەنجامدرا.