عەبدولڕەحمان موستەفا: رێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکووک، بە دڵی ئێمە نەبوو

عەبدولڕەحمان موستەفا
عەبدولڕەحمان موستەفا

K24-هەولێر:

عەبدولڕەحمان موستەفا پارێزگاری پێشووی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، بە دڵی ئەوان نەبووە.

عەبدولڕەحمان موستەفا پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ستۆدیۆی شیکاری کوردستان24  کە ژینۆ محەمەد پێشکەشیکرد،ئاماژە بەوە دەکات، لە کەرکووک پرسی هەڵبژاردن و  دامەزراندنی ئیدارەی کەرکووک، لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە  گرنگی هەیە، کورد لەو پارێزگایە بە درێژایی مێژوو بێبەش بووە و زوڵمی لێکراوە و ،چەوساوە بووە، دەرکراوە، لەزۆرترین حاڵەت بچووکترین مافی نەبووە، لە سەردەمی رژێمی پێشوو کە لە 1963 دەسەڵاتی گرتە دەست، تاوانی زۆری بەرامبەر کورد لە کەرکووک ئەنجامدا،لە دەرکردنی کورد و وێرانکردنی دێیەکان و گەڕەکەکان، دووبارە لە 1968  کە دووبارە دەسەڵاتی وەرگرتەوە، زۆر خراپتری بە کورد کرد لە پارچەپارچەکردنی کەرکووک ، دێیەکانی دەورووبەری کەرکووکی رووخاند و وێرانکرد،  خەڵکی بە ئەنفال برد و ، زۆرداری زۆری ئەنجامدا، بەشێک لە گەڕەکە کوردیەکانی ناو کەرکووک وێران کران بە قەڵاوە، چەندین ناحیە ، لە نەخشە سڕانەوە،  هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی کورد بێبەش بێ، دوای 2003 کورد هەندێک هاتەوە خۆی و دەسەڵاتی بەدەستهێنا، ئەو دوو هەڵبژاردنەی لە کەرکووک ئەنجامدرا و کورد دەنگی باشی بەدەستهێنا، توانی لە هەردوو خولدا پارێزگار لەخۆی دابنێ ، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005  لە کۆی 41 کورسی، کورد توانی 26  کورسی بەدەست بێنێ، بەڵام بەداخەوە دوای 16 ی ئۆکتۆبەر زۆربەی دەسەڵاتەکانی لەدەست کورد بوون، لێی سەندرانەوە و کورد  لاواز بوو، ئەو جووتیارانەی لەسەر زەوی باو و باپیرانیانن، دەچنە سەریان و دەیانەوێت لێیان داگیر بکەن و لە زێدی باوک و باپیرانیان دەریان بکەن، ئەوە وای کرد کورد بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دووبارە هەڵبژاردن بکات لە کەرکووک ، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەنجوومەنێک دابمەزرێت و لە ئەنجوومەنەکە رێژەیەکی باش کورسی بەدەستبێنێ، بۆ ئەوەی بتوانێ کاریگەرییەکی باشی هەبێت، هاوکات بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە

عەبدولڕەحمان موستەفا گوتی: ئێمە وەکو کورد حەزدەکەین زۆرترین کورسیمان هەبێت و پارێزگار لە ئێمە بێت، پێکهاتەکانی دیکەش مافی ئەوەیان هەیە هەوڵبدەن زۆرترین کورسی بەدەستبێنن و پارێزگار لەخۆیان بێت، ئێمە نەمانگوتووە دەبێ پارێزگار تەنها لە کورد بێت، ئێمە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەین، هەر پێکهاتە و لایەنێک توانی زۆربەی کورسیەکان بەدەستبێنێ، دەتوانێ پارێزگار دابنێ و لە ئیدارە بەشدارییەکی کاریگەر بکات، بەمەرجێک ئەو پارێزگارەی کە دادەمەزرێ، پارێزگارێک بێت بگونجێ لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک و بەیەک چاو سەیری هەموو لایەنەکان بکات، زوڵم و زۆرداری نەکات، دەرگای لە خەڵکی کەرکووک بکاتەوە، دەشڵێ: لە ئەنجوومەن دەنگمان هەبێ و پاریزگارمان هەبێت، لە پرۆسەیەکی دیموکراسی چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین.

عەبدولڕەحمان موستەفا پێی وایە، پێویستبوو رێژەی بەشداری لە کەرکووک بەرزتر بوایە، گوتی: دەبوا کارێکی وا بکرابایە زۆرترین ژمارەی کورسیەکانی ئەنجوومەنی کەرکووک بکەوتایە دەست کورد، لەبەر ئەوەی کورد بەزۆرینە دەتوانێ زۆرشت بگۆڕێ و چاک بکاتەوە.

عەبدولڕەحمان موستەفا ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی یاسا پێویستە بە رێککەوتن شارەکە ببرێت بەرێوە، بەڵام ئەوە بارودۆخەکە ناگۆڕێ، لەگەڵ ئەوەی کاریگەریەکی دەبێت ئەگەر بەرێژەیەکی کەمیش بێت، کورد دەتوانێ بەشێک لەو مافانەی کە لەدەستی دابوو بیگەڕێنێتەوە بۆ خۆی، گوتی: رێژەی کەمی بەشداری کورد لەو پرۆسە چارەنووسسازە  دەگەڕێتەوە بۆخۆمان، ئەو گلەیی و گازاندانەی هەبوون نەمانتوانی بیڕەوێنینەوە، نەمانتوانی ئاشتیان بکەینەوە، پێویست بوو پرسی بەشداریکردنی زۆرینەی کورد لەو پرۆسەیە زۆر باش کاری لەسەر کرابایە.

دەشڵێ: لایەکی دیکەی کێشەکە ئەوەبوو، ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوەی شاری کەرکووک و لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، یاخود لە دەرەوەی وڵات بوون و نەیانتوانی بێنە دەنگدان، لە ئامێرەکانیش کێشە هەبوو کە زۆرێک لە هاووڵاتیان نەیانتوانی دەنگ بدەن، بۆیە رێژەی بەشداری بە دڵی ئێمە نەبوو .

ئەو پارێزگارەی پێشووی کەرکووک دەڵێ: لە عێراق دەستوور پێشێلکراوە، زۆربەی ماددەکانی دەستوور جێبەجێنەکراون، بە نموونەش ماددەی 140  کە لە گرنگترین ماددەکانی دەستوورە کە چارەسەری کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری کەرکووکی دەکرد، بەڵام دەسەڵاتی بەغدا بەهیچ شێوەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەی دەستوور نەهاتوونەتە پێشەوە، لە بارودوخێکی ئەوهادا پێویستە کورد هەوڵبدات و قەناعەت بە لایەنەکانی دیکە بێنێت کە یاساکە جێبەجێ بکرێت بەو شێوەیەی کە هەیە، ئەگەر ئەوە نەکرێ، هێز زیاتر حکوم دەکات، چۆنیان بوێت ئاوا تەفسیری بابەتەکان دەکەن بە دڵی  خۆیان، بیانەوێت دەتوانن یاساکە بگۆڕن بەخواستی خۆیان، لەبەر ئەوە ئەگەر رێژەی کورسی کورد زیاد بێت، کاریگەری دەبێت، پێویستە کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەماهەنگ بن لەگەڵ یەکتر و بەیەکەوە کار بکەن و دان بە مافی لایەنەکانی دیکەش بنێن، گوتی: پێویستە کورد یەک فراکسیۆن دروستبکەن و بەیەکەوە کار بکەن و ململانێکان نەبەنە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەگەر بەیەکەوە کار نەکەن، هاووڵاتیانی کەرکووک زیان دەکەن.

لەبارەی ناسنامەی شاری کەرکووکیش، عەبدولڕەحمان موستەفا ئاماژەی بەوە کرد، کوردستانی بوونی کەرکووک پرسێکی مێژوویی و جوگرافیە، هەموو دیکۆمێنتە کۆنەکان لەسەردەمی ( ئیندابی بەریتانی) و کۆنتریش، باس لەوە دەکەن لە چیای حەمرینەوە پێی دەگوترێت کوردستان، بەڵام ئێستا بیر و بوچوونی جیاوازی لەسەر دروستبووە، لەبەر ئەوە پێویستە لەرێگەی ماددەی 140 چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت.

لەسەر پرسی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، پارێزگاری پێشووی کەرکووک گوتی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو بارودۆخەی ئێستا گرنگە، چونکە ئێستا کوردستان لە بۆشایی دەستوورییە بەبێ پەرلەمان، بۆیە گرنگە خەڵکی کوردستان بە تێکڕا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، ئەوانەی کە شایستەن ببنە نوێنەریان، لەوێ هاوکاری و هەماهەنگی هەبێت و هەڵەکانی ئێستا دووبارە نەبنەوە و ببێتە ئەزموونێک بۆ لایەنەکان، وەکو یەک تیم کار و خزمەت بکەن.

کارزان حەیدەر