ئەمەریکا هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی پێکهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی حوسییەکان

K24 - هەولێر
ئەمەریکا پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور لەژێر ناوی "دەستپێشخەریی ئاسایشی فرەنەتەوەیی" راگەیاند، هاوپەیمانییەکە 10 وڵات لەخۆدەگرێت، کە یەکێکیان وڵاتێکی عەرەبییە.
لە بەیاننامەیەکی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکادا هاتووە، "ئەو وڵاتانەی هەوڵی دامەزراندنی بنەمای بنەڕەتی ئازادی کەشتیوانی دەدەن، پێویستە کۆببنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئەم قەوارەیە دەیخاتە روو".
ئۆستن کە لە سەردانێکیدا بۆ بەحرەین کە میوانداری کەشتییەکانی ئەمەریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، وڵاتانی بەشداربوو بریتین لە بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، سیشێل و ئیسپانیا، ئاماژەی بەوەشکرد، دەوریەی هاوبەش لە باشووری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجام دەدەن.
ئۆستن دەشلێت: "ئەمە ئاڵنگارییەکی نێودەوڵەتییە و پێویستی بە کردەوەی بەکۆمەڵ هەیە، هەر بۆیە ئەمڕۆ دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانی" رادەگەیەنم، کە دەستپێشخەرییەکی گرنگی نوێی ئاسایشی فرەنەتەوەییە."
لەدوای شەڕی کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەر، حوسییەکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، تەنانەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
تەنها چەند کاتژمێرێک بەر لە راگەیاندنی هاوپەیمانییەکەی ئەمەریکا، حوسییەکان رایگەیاند، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی بارهەڵگر لە ناوچەکەدا.